بۆماوەی 12 ڕۆژ ڕێگای دەربەندیخان سلێمانی دادەخرێت

07/10/2019 - 09:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


بەڕێوەبەرێتی هاتووچۆی دەربەندیخان ڕایدەگەیەنێت: بەهۆی قیرتاوكردنی ڕێگای نێوان دەربەندیخان وارماوا بۆ ماوەی 12 ڕۆژ ڕێگاكە دادەخرێت و چەند ڕێگایەكی لاوەكی بۆ هاتوچۆ دیاری كراوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ڕێگاوبانی سلێمانی ئاگاداریان كردین سبەینێ ڕێكەوتی ( ۷/۱۰/۲۰۱۹ ) بەهۆی قیرتاوكردنی ڕێگای نێوان ( دەربندیخان - وارماوا ) كەماوەی چەند ڕۆژێكە بڕینی ڕێگاكە دەستی پێكردوە لەو بەروارەوە دەست دەكەن بەقیركردنی ڕێگاكە بۆ ئەومەبەستە ڕێگای ( دەربندیخان - سلێمانی ) دادەخرێت و هاتوچۆ بەم شێوەیەی خوارەوەی دەبێت :-
۱- هاتوچۆكردن لە ( سلێمانی ) بۆ ( دەربندیخان ) دەكەوێتە سەر ڕێگای گوندی ( زەلەڕەش- ناوتاق- چەمەرگە ) بۆ( دەربندیخان ) و بەرەو ( گەرمیان ) كەسەرەتای ڕێگاكە لەفەرعی ڕێگای گوندی ( زەلەڕەش ) نزیك ( زەڕایەن ) ی كۆنەوە دەستپێدەكات. هەموو ئۆتۆمبێلێكی بچوك و بارهەڵگر هاتن لە ( سلێمانی ) و ( وارماوا)وە بۆ (دەربندیخان ) و ( كەلار ) دەكەوێتە سەرئەم ڕێگایە.
۲-ڕێگای ( دەربەندیخان ) بۆ ( سلێمانی ) ئۆتۆمبێلی تایبەت و پیكاب و لە دوو تەنی بۆ خوارەوە دەكەوێتە سەر ڕێگای
( قەرەداغ - سلێمانی ) وە شۆفێر ئارەزوو مەندە ئەگەر ڕێگای ( سۆڵە ) بەكار بهێنێت بۆ گەیشتن بە ( شارەزور ) و ( وارماوا ) .
۳-سەبارەت بەئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان لەدوو تەنی گەورەتر بۆسەرەوە دەتوانێت بە ڕێگای ( تونێل ) بۆ ( وارماوا ) هاتوچۆ بكات ئەوەش بەپێی ئیش و كار لەو ڕێگایەدا هەندێ جار ڕاگرتن و لادانی كاتی تێدەكەوێت و پێویستە بەڕێگای خۆڵی تەنیشت شەقامەكەدا هاتوچۆبكرێت ، پێدەچێت بەوهۆیەوە ئاستەنگی و دژواری ڕوو لە شۆفێرانی بەڕێز بكات بەڵام ناچاری و نالەباری هەلومەرجی ڕێگا بەدیلەكان وادەكات ئەمەیان باشترین بەدیل بێت....
بۆیە پێویستە سەرجەم شۆفێرو سەرنشینان ئاگاداربكەینەوە كە بتوانن دان بەخۆدابگرن تاوەك هیچ ڕوداوێكی مەترسیدار ڕوونەدات و هەروەها شۆفێرانی بارهەڵگر ڕەچاوی نالەباری هەلومەرجی ڕێگاكەبكەن و هاتوچۆكردن كەم بكەنەوە بۆی پێویستی نەبێت تائەوەی نەبن بەگرفت بۆتیمەكانی چاككردنی ڕێگاكەو خۆشیان بەوهۆیەوە زەرەرمەندنەبن.

تێبینی:-
*ماوەی داخستنی ڕێگاكە ( ۱۲ ) ڕۆژ دەخایەنێت لە ڕێكەوتی دیاری كراوەوە وەكو ئەوەی ئێمەیان لێ ئاگادار كردۆتەوە.
هەروەها لە (۲٤ )كاتژمێردا لانی كەم ڕۆژانە ( ۱٥ )كاتژمێر كاركردن لەسەر ڕێگاكە هەیە بەئامانجی ئەوەی بەزووترین كات پرۆژەكە تەواوبكرێت..
*مەفرەزەكانی هاتوچۆی ئێمە وەك بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی دەربەندیخان و بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی قەزای شارەزور لەهەردوو لاوە هاوكارو هەماهەنگ دەبین بۆ كارئاسای و ڕێ نیشاندانی شۆفێران بۆئەوەی بتوانن ئاسان گەشتەكانیان بكەن ئامێرو ئۆتۆمبێلەكانمان لەخزمەتی شۆفێراندایە بۆهەر گرفت و لەمپەڕێك.دەتوانن پەیوەندیمان پێوەبكەن بەژمارەتەلەفۆنی ۰۷۷۰۲٤۳٥۲٥۳