ئەمڕۆ دووشەممە دوازدەیەمین كۆنگرەی هەنگەوانان بە بەشداریی 21 ووڵات و هەرچوار پارچەی كوردستان لە شاری هەولێر هاوكات لەگەڵ پیشانگای هەنگەوانی دەستیپێكرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 7-10-2019 كۆنگرەكە بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر و كۆمەڵەی هەنگەوانانی هەرێمی كوردستان و بە بەشداریی 250 هەنگەوان و نوێنەری كۆمپانیا هەنگەوانییەكانی 21 وڵاتی جیهان لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر دەستی پێكرد.
ئەیوب گەڵاڵەیی یەكێك لەبەشداربوانی كۆنگرەكەو خاوەنی گۆڵدن بی (Golden Bee ) بۆ دابینكردنی هەنگ و هەنگوین و خۆراكی شاهەنگ بەكوردیوی ڕاگەیاند: كۆنگرەكە سێ ڕۆژ دەخایەنێت و وانەی تایبەت بە هەنگەوانانی لەلایەن كەسانی شارەزا دەگوترێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ باشترین جۆرەكانی هەنگوین دەكرێت و پشكینیان بۆ دەكرێت.
جێگەی ئاماژەیە: جگە لە هەنگەوانانی كوردستان، هەنگاوانانی 12 وڵاتی عەرەبی (میسر، لیبیا، جەزائیر، سوودان، ئوردن، لوبنان، سووریا، فەلەستین، عومان، یەمەن، ئیمارات و عێراق وڵاتانی (ئێران، توركیا، ئیتالیا، یونان، سویسرا، چین، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا)، بەشداریی كۆنگرەكەیان كردووە.