پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو: هاوكارین لەپرۆژە یاسای چاكسازی تابندیوار نەمێنێت

07/10/2019 - 13:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی



لەبارەی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای چاكسازی، ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكگرتوو پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: هاوكار دەبین لەبەر ئەوەی بندیوارو فرەموچەو خانەنشینی نایاساییمان نییە.

 

دوای سێ مانگ تێپەڕین بەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ، بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە 7-10-2019 سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرەلەمانی كوردستان ، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی كۆببنەوە .

 

سەرچنار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو راگەیاند: هاوكارین لەهاتن و تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای چاكسازی بۆ پەڕلەمان، لەبەر ئەوەی بندیوارو فرە موچەو خانەنشینی نایاساییمان نییە.

 

پڕۆژەیاسای چاكسازی ئەگەر پەسند بكرێت ، ئەوكات كێشەی فرە موچە و بندیوار و خانەنیشنی نایاسایی چارەدەكات ، چاوەڕێش دەكرێت ئەم پڕۆژەیە وەكو یەك پڕۆژەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەسند بكرێت.

 

پێشتریش فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەكو هێزێكی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان پێشنیازی پڕۆژەیاسای چاكسازی دایە پەرلەمان و رایگەیاند: ئەو پرۆژەیە ئەگەر ببێتە یاسا ، كێشەی فرەمووچە و بندیوار و خانەنشینی نایاسایی چارەسەر دەكات و نزیكەی 100ملیار دینار دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت .