وته‌بێژی حكومه‌ت باس له‌ چاره‌نووس و به‌رده‌وامی مووچه‌ ده‌كات

08/10/2019 - 15:19 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕیار وایه‌ هه‌موو شه‌شی مانگێك ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكرێت به‌لام ئه‌م مانگه‌ش به‌بێ ئاشكراكردنی هۆكاره‌كه‌ی مووچه‌ بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ دواكه‌وت و وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمیش روونكردنه‌وه‌ ده‌دات.


دواكه‌وتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌كاتێكدایه‌، كه‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ خۆپیشاندان له‌ به‌غدا و چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ی عێراق به‌رده‌وامی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ترسی لای هاوڵاتیانی هه‌رێم درووستكردووه‌ كه‌ به‌هۆی به‌رده‌وامی خۆپیشاندانەكانه‌وه‌، دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و دابه‌شنه‌كرێت.

له‌باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم دڵنیایی به‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران و هاووڵاتیانی هه‌رێمدا كه‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ ناوه‌ستێت.

وته‌بێژی حكومه‌ت وتیشی "به‌دڵنیاییه‌وه‌، دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگانه‌ فه‌رمانبه‌ران و چین وتوێژه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم، به‌رده‌وامده‌بێت".

بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌، حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ پێویستی به‌ 881 ملیار دینار هه‌یه‌، كه‌ 453 ملیار دیناری مانگانه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ پێده‌گات، هه‌روه‌ها 378 ملیار دیناری دیكه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ له‌ فرۆشتنی نه‌وت به‌ وەزارەتی دارایی ده‌درێت، ئه‌و 50 ملیار دیناره‌شی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمەوە دابینده‌كرێت.