كەشناسی: نمە باران دەبارێت

09/10/2019 - 08:42 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

نزیكەی 20 ڕۆژ بەسەر هاتنی وەرزی پاییز تێپەڕ بووە و هیچ شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكانی عیراق و هەرێمی كوردستانی نەگرتۆتەوە، كەشناسی عیراق-یش دەڵێت: “پلەكانی گەرما لەماوەی ئەم هەفتەیەدا ناجێگیر دەبن و سبەینێ‌ لە چەند ناوچەیەك باران دەبارێت”.

دەستی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی عیراق لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سبەینێ‌ چوار شەممە ئاسمان لە ساماڵەوە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و لە چەند ناوچەكانی ڕۆژئاوای وڵات لە ناوەڕاست و باشوور نمە باران دەبارێت، بەڵام پلەكانی گەرما ناگۆڕێن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ناوچەكانی هەرێم ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پلەكانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە.

ڕاشیگەیاندووە، ڕۆژی پێنج شەممە ئاسمانی سەرجەم ناوچەكان نیمچە هەور دەبێت و پلەكانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە.

ئاشكراشی كردووە، ڕۆژی هەینی لە ناوچەكانی ناوەڕاستی وڵات ئاسمان دەبێتە نیمچە هەور و دواتریش هەوری تەواو و ئەگەری نمە باران هەیە لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای وڵاتدا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی هەندێك پەڵەهەور و پلەكانی گەرماش ڕوو لە دابەزین دەكەن.