چارەنووسی ئەو سێ قوتابییەی لە بەردەڕەش ونببوون، ئاشکرادەبێت

09/10/2019 - 09:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای رۆژێک لە ونبوونی سێ قوتابی لە قەزای بەردەڕەش، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چارەنووسیان ئاشکرابوو.

کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی دوێنێ، سێ قوتابی خەڵکی قەزای بەردەڕەش بە ناوەکانی هەڤاڵ جەمال، نەوزاد جەمال و سەعید عەبدولسەلام، لە قوتابخانە نەگەڕانەوە ماڵ و بێسەروشوێن بوون، دوای ئەوەی کەسوکارەکانیان هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادارکردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چارەنووسیان ئاشکرابوو.

 

نێچیرڤان عیزەدین، مامی یەکێک لە منداڵەکان، لەبارەی هۆکاری دیارنەمانی ئەو سێ قوتابییە دەڵێت، لە قوتابخانە جگەرەیان کێشاوە، مامۆستاکەیان سزای داون و داوای لێکردوون بچن بەشوێن دایک و باوکیان، بەڵام ئەوان نەچوونەتەوە ماڵ و چوونەتە شاری هەولێر. 

 

بە گوتەی نێچیرڤان، شەوی رابردوو ئەو قوتابیانە لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە سەنتەری شاری هەولێر ماونەتەوە و لەوێ خەوتوون، ئەمڕۆ کە گەڕاونەتەوە قەزای بەردەڕەش، پۆلیس لە بازگەی بەردەڕەش دەستگیری کردوون. 

 

ئێستا قوتابییەکان گەڕاونەتەوە ماڵ و تەندروستییان باشە، کەسوکاریان دەڵێن، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ مامۆستاکە نییە، چونکە قوتابییەکان خۆیان هەڵەیان کردووە.