له‌ خورماتوو ژنێك نوێنه‌رایه‌تی حزبه‌ كوردستانیه‌كان ده‌كات

09/10/2019 - 14:43 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بۆ جارى یه‌كه‌م له‌ دواى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه حزبه‌ كوردستانییه‌كانى سنوورى خورماتوو هه‌موویان به‌ یه‌كه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ و بڕیاریاندا كه‌ به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و  ئافره‌تێك كاندیدێكیان ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان.

كه‌ریم شوكر به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى حه‌وزه‌ى حه‌مرینى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان رایگه‌یاند: ئێواره‌ى سێشه‌ممه‌ 8ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019 له‌ شارى كه‌لار و له‌ باره‌گاى لقى گه‌رمیانى پارتى دیموكراتى كوردستان حزبه‌ كوردستانییه‌كانى سنوورى خورماتوو كۆبوونه‌وه‌.


ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی بۆ دوارۆژ وتیشى: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌موو حزبه‌ كوردییه‌كان رێكکه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ سنوورى خورماتوو بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكانى عێراق به‌ یه‌ك لیست به‌شدارى بكه‌ن و له‌و پێناو ئه‌وه‌ی نوێنه‌ره‌كه‌یان سه‌ربخه‌ن ئافره‌تێك كاندید ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین كاندیده‌ ئافره‌ته‌كانى پێشووتر به‌ كه‌متر له‌ چوار هه‌زار ده‌نگ ده‌رچوون. بۆیه‌ كه‌ به‌ یه‌ك لیست به‌شدارى ده‌كه‌ن به‌ دڵنیایه‌وه‌ ده‌توانن كاندیده‌كه‌یان سه‌ر بخه‌ن.