سلێمانی... فرۆشگای قوتابخانەكان دەخرێنە ژێر چاودێری ووردەوە

09/10/2019 - 15:01 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: لەپێناو پاراستنی تەندروستی خوێندكاران، لیژنە هاوبەشەكان بەبەردەوامی سەردانی ناوەندەكانی خوێندن دەكەن بۆ پشكنینی ئەو خواردن و خواردنەوانەی لە فرۆشگاكان دەفرۆشرێت.


قائیمقامیەتی قەزای مەڵەندی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتووە ڕایگەیاند: قائیمقامی سلێمانی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی راسپاردووە رۆژانە سەردانی فرۆشگای ناوەندەكانی خوێندن بكەن و پشكنین بۆ ئەوخواردن و خواردنەوانەی بە خوێندكاران دەفرۆشرێت ئەنجام بدەن ئەمەش لەپێناو پاراستنی تەندروستی خوێندكاران.


ووتیشی: جێبەجێ كردنی مەرجەكانی تەندروستی یەكێكە لە بنەمانی كاركردن لە فرۆشگای قوتابخانەكاندا بۆیە پێویستە خاوەنەكانیان پابەندبن بەمەرجەكانی كاركردن بەپێچەوانەوە سزای شوێنەكە دەدرێت


ئاماژەی بەوەشكردووە: قوتابخانەكان پابەندن بەجێبەجێكردنی لیستی ‌ئەو خواردن و خواردنەوانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانیەوە ئامادەكراوە‌ و‌ رێگری لە فرۆشتنیان لەناوەندەكانی خوێندن دەكات كەلە (شیر و شەربەتی پاكەت، بنێشت، نوقڵ، لەفەی سورەكراو، هەموو جۆرەكانی چپس و خواردنەوە گازییەكان) پێكهاتوون.


ئەوەشیخستەڕوو: لیژنە هاوبەشەكانیان لەڕووی چاودێری بازرگانییەوە رێگری لەگرانفرۆشی لەناوەندەكانی خوێندن دەكات بەجۆرێك نابێت نرخی خواردەمەنیەكانی لەدەرەوەی فرۆشگای خوێندنگاكان زیاتر بێت.


هەروەها ڕاشیگەیاند: لەگەڵ چاودێری فرۆشگاكاندا لیژنەكان پشكنین بۆ تەنكیی ئاوی خووێندنگا و باخچەی منداڵان و دایەنگەكانیش دەكات، بۆیە پێویستە تانكی ئاوەكان سەربانی ناوەندەكانی خوێندن خاوێن كرابێتنەوە بۆئەوەی نەبێتە هۆی پیس بونی ئاوی خواردنەوەی قوتابخانەو باخچەكان.

ئەلبوومی وێنەکان