پەرلەمانی کوردستان: نیگەرانین لە لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان

10/10/2019 - 00:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

راگەیەنراوێك لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە 

 

پەرلەمانی کوردستان، بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ چەند ناوچەیەکی جیاجیای رۆژئاوای کوردستان دەروانێت و داوا دەکەین هەرچی زووە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوەستێنرێن و لە رێگای دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، دۆخی ناوچەکە هێشتا لە قۆناغێكی هەستیار و ناجێگیردایەو شەری تیرۆر کۆتایی نەهاتووە و گەلانی ناوچەکە لە نەهامەتی و ناسەقامگیریدا دەژین و پێمان وایە ئەم لەشکرکێشیە نەک چارەسەری کێشەکان ناکات، بەڵکو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتی دوورتر دەخاتەوە. 

داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین، بە تایبەتی ئەمریکا و روسیا و بەریتانیا و فەرەنسا، هەموو هێز و توانایان بخەنە گەڕ بۆ وەستاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوە و رێگرتن لە ناسەقامگیری زیاتر و هەوڵدان بۆ رەخساندنی هەلومەرجی نوێ بۆ دانوستاندن،

بە توندی ئیدانەی هەر جۆرە پەلامارێک دەکەین کە هاوڵاتیانی سیڤیل بە ئامانج بگرێت لە هەر لایەکەوە بێت، پەرلەمانی کوردستان پشتیوانی تەواو لە بوونی دیالۆگ و گفتوگۆ دەکات لە سەر ئاستی هەرێمایەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی کێشەکانی ناوچەکە. 

گەلی کوردستان، بە شانازییەکی زۆرەوە پێشەنگی خەبات و قوربانی بووە لە شکست پێهێنانی تیرۆریستانی داعش و هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی، بەردەوامی ئەم دۆخە نەخوازراوە سەربازییەی سەر رۆژئاوای کوردستان، زەمینەی زیاتر بۆ تیرۆرسیتان دێنێتە ئاراو دەستکەوتەکانی شەری تیرۆر لە ناو دەبات و بەوەش ئاشتی هەرێمایەتی و جیهانی دەکەوێتە بەردەم هەرەشەی جددیەوە، پەرلەمانی کوردستان بەردەوام پشتیوانی چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراسییانەی دۆزی رەوای خەڵکی کوردستانە لە هەر پارچەیەک بێت، داوا لەسەرجەم هێز و لایەنە کوردستانیەکان دەکەین، هەموو ناکۆکیەکی سیاسی بخەنە لاوەو لە سەر بنەمای حیکمەت و دووربینی سیاسی، پێکەوە لە خەباتی ئاشتییانە و دیپلۆماسیانە و مەدەنیانە بەردەوام بن بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە نەخوازراوە، پەرلەمانی کوردستان بەردەوام بە دواداچوون بۆ ئەم دۆخە دەکات و ئامادەکاری بۆ دانیشتنێکی تایبەت لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکات.

 

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان 

2019/10/9