یەكگرتووی ئیسلامی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ئیدانە دەكات

10/10/2019 - 11:57 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت: كوردانی رۆژئاوا گەلی خۆمانن میللەتی خۆمانن ، ئێمە لەگەڵیان هاوسۆزین ، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ، لەشكركێشی كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە و سەركۆنەی شەڕ  پێكدادان دەكەین .


خەلیل ئیبڕاهیم سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند :"هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەو شەڕ و پێكدادانە ، لە بەكارهێنانی زمانی زبڕ و بەكارهێنانی بارووت و جەنگ و لەشكركێشی هەڵوێستێكی نەگۆڕە ، بەردەوامیش جێگەی سەركۆنەكردنە لە لای ئێمە".


روونیشیكردەوە :" هێرشكردن لەسەر رۆژئاوا و هەر ناوچەیەك ، بە بڕوای ئێمە جگە لە تێكدانی دۆخەكە و ئاڵۆزكردنی بارودۆخ و وێرانكردن و ماڵكاولكردن و كارەساتی مرۆیی و دەربەدەری و خەڵك كوشتن ، هیچی تریان لێ سەوزنابێت ".


ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد :" ئێمە بە داخێكی گرانەوە سەیری ئەم بابەتە دەكەین ، چونكە پێویستە بەردەوام بە زمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و ، لەگەڵ یەكتر دانیشتن كێشەكانمان چارە بكەین " .


خەلیل ئیبڕاهیم سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دووپاتیكردەوە:" ئەم هەموو شەڕ و كوشتارە ئەم هەموو ئاگرە لە ناوچەكە ، ئەم ناوچەیە بەرگەی ئەم جەنگە ناگرێت و كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە ، رق و كینەش لە نێوان نەتەوە و وڵاتان زۆرتر دەبێت" .


خەلیل ئیبڕاهیم باسی لە هەوڵیستی وڵاتانی جیهان كرد و ووتی :" بەداخەوە هەڵوێستی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم بابەتە زۆر زۆر لاوازە ، دەبێت رێگری لەم جۆرە بابەتانە بكات " .


لە باسی پەیامی یەكگرتووش لەسەر ئەم هێرشە ووتی :" ئێمە وەكو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ، بەردەوام لەگەڵ ئەوە بووین لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئەو كارگێرییە بكرێت ، كە ئێستا لە رۆژئاوای كوردستان هەیە ، بۆ ئەوەی زیاتر لە یەك بگەن و نەبێتە هۆی كێشە و گرفت بۆ هیچ لایەك " .


سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان زیاتر ووتیشی :" كوردانی رۆژئاوا گەلی خۆمانن میللەتی خۆمانن ، ئێمە لەگەڵیان هاوسۆزین ، هاوسۆزین لەگەڵ كێشە و ناخۆشییەكانی هەموو مرۆڤێكی كورد و نەتەوەی خۆمان ، كوردانیش لە رۆژئاوا مافی خۆیان تەعبیر لە بەڕێوەبردن و ویستی خۆیان بكەن ، ئێمە ئەم هێرش و لەشكركێشییەش بە شتێكی خراپی دەزانین ، بە هیچ جۆرێك لە بەرژەوەندی هیچ لایەك نیە ".


لە كۆتاییدا ووتی :" ئەمڕۆ حزبەكانی كوردستان لە سەر ئاستی پەیوندییەكانیان دادەنیشن باسی ئەو بابەتە دەكەن و ، ئێمەش پەڕۆشین بۆ دابینكردنی ئاشتی لە ناوچەكە و ، دەمانەوێت برایەتی و پێكەوەژیان هەبێت ، گرفت و كێشەكانیش بە گفتوگۆ و دانیشتن چارە بكرێن " .