پەرلەمانی کوردستان له‌سه‌ر له‌شكركێشییه‌كه‌ى تورکیا هاته‌ ده‌نگ

10/10/2019 - 15:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و داوای وه‌ستانی هه‌رچی زووی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ ده‌كات.

راگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لە لەشکرکێشیی سوپای تورکیا بۆ چەند ناوچەیەکی جیاجیای رۆژئاوای کوردستان دەڕوانێت و داوا دەکەین هەرچی زووە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوەستێندرێن و لە رێگه‌ی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، دۆخی ناوچەکە هیشتا لە قۆناغێکی هەستیار و ناجێگیردایەو شەڕی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە، گەلانی ناوچەکە لە نەهامەتی و ناسەقامگیریدا دەژین و پێمان وایە ئەم لەشکرکێشیە نەک چارەسەری کێشەکان ناکات بەڵکو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتی دوورتر دەخاتەوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکەین بەتایبەتی ئەمریکا و روسیا و بەریتانیا و فەرەنسا هەموو هێزو توانایان بخەنەگەڕ بۆ وەستاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەو رێگرتن لە ناسەقامگیریی زیاتر و هەوڵدان بۆ رەخساندنی هەلومەرجی نوێ بۆ دانوستاندن.

بە توندی ئیدانەی هەرجۆرە پەلامارێک دەکەین کە هاووڵاتییانی سیڤیل بە ئامانج بگرێت لەهەر لایەکەوە بێت، پەرلەمانی کوردستان پشتیوانیی تەواو لە بوونی دیالۆگ و گفتوگۆ دەکات لەسەر ئاستی هەرێمایەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەییی کیشەکانی ناوچەکە.

گەلی کوردستان بە شانازییەکی زۆرەوە پێشەنگی خەبات و قوربانی بووە لە شکستپێهێنانی تیرۆریستانی داعش و هێنانە دیی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەیی و جیهانی، بەردەوامیی ئەم دۆخە نەخوازراوە سەربازییەی سەر رۆژئاوای کوردستان زەمینەی زیاتر بۆ تیرۆریستان دێنێتە ئاراو دەستکەوتەکانی شەڕی تیرۆر لەناو دەبات و بەوەش ئاشتیی هەرێمایەتی و جیهانی دەکەوێتە بەردەم هەرەشەی جددییەوە، پەرلەمانی کوردستان بەردەوام پشتیوانیی چارەسەری ئاشتییانەو دیموکراسییانەی دۆزی رەوای خەلکی کوردستانە لەهەر پارچەیەک بێت.

داوا لەسەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان دەکەین هەموو ناکۆکییەکی سیاسی بخەنە لاوەو لەسەر بنەمای حیکمەت و دووربینیی سیاسی پێکەوە لە خەباتی ئاشتییانەو دیپلۆماسییانەو مەدەنییانە بەردەوام بن بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوە، پەرلەمانی کوردستان بەردەوام بە دواداچوون بۆ ئەم دۆخە دەکات و ئامادەکاری بۆ دانیشتنێکی تایبەت لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکات.