كورد له‌ ڕۆژئاوای كوردستان چ سامانێكی له‌ژێرده‌سته‌ ؟

10/10/2019 - 16:31 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كاتژمێر 04:00ی ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 9ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019 سوپای توركیا ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان ده‌ستپێكرد.

هێرشه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان(باكووری سووریا و خۆرهه‌ڵاتی فورات) دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ ئه‌مه‌ریكا بڕیاریدا له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی باكووری سووریا بكشێته‌وه‌ و تره‌مپ رایگه‌یاند، چیدیكه‌ له‌و شه‌ڕه‌ به‌رده‌وام نابین و توركیا كاری كورده‌كان ته‌واو ده‌كات و به‌رپرسیارێتی زیندانیانی داعش و رێگرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆری داعش ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

هێرشه‌كه‌ی توركیا له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییدا كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ناوخۆش، مه‌ترسی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ هه‌سه‌ده‌ هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ له‌ ده‌ستبدات، كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو به‌ پشتیوانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌ده‌ستیهێناوون.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا  K24 ره‌وشی ئابووری و توانای دارایی و سه‌رچاوه‌كانی بژێوی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان ده‌خاته‌ ڕوو ، كه‌ مه‌ترسی هه‌یه‌ سه‌رجه‌میان به‌ هۆی هێرشه‌كانی توركیاوه‌ زیانیان پێ بگات و ژێرخانی ئابووری ناوچه‌كه‌ به‌ ته‌واوی دابڕمێت.

ژێرخانی ئابووری رۆژئاوای كوردستان

یەک لەسەر سێی رووبەری سووریا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکان دایە، کە کەوتووەتە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا یاخود رۆژهەڵاتی فورات، ئەوەش دوای ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی بە ناو داعشی کۆنترۆڵکرد.

بەوەش هێزەکانی سووریای دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) کۆنترۆڵی نزیکەی 90% سامانی نەوتی و 45% بەرهەمهێنانی گازی سووریا دەکات.

بە جۆرێک کۆی نەوتی یەدەگی سووریا نزیکەی دوو ملیار بەرمیلە کە دەکاتە 0.18% کۆی نەوتی یەدەگ کراوی جیهان.

لە کاتێکدا ساڵی 2010 سووریا رۆژانە نزیکەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا، 250 هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردەهێنا و بڕەکەی دیکەشی هەناردە دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو سامانە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا دابەشبووە.

بە جۆرێک زۆربەی بیرە نەوتییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە هەڵکەوتووە.

دوای ئەوەی ئەو بیرە نەوتیانە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا لە ساڵی 2011 دەرچوو و قەیرانی وڵاتەکە پەرەی سەند، تاوەکو ئێستا بە تەواوی نازانرێت دۆخی کێڵگەکان لە رووی بەرهەمهێنان قەبارەی زیانەکان چەندە کە بەر دۆخی بیرەکان و ئاستی بەرهەمهێنانیان کەوتووە.

گرنگترین کێڵگەکانی نەوت و گاز و بەرهەمهێنانی رۆژانەیان لە 2010 بەو شێوەی خوارەوە بوو، کە ئێستا لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا دابەش بووە.

پارێزگای دێرەزوور

-کێڵگەی "عومەر" رۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێا، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017ـەوە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتە.

-کێڵگەی "تەنەک" دووەم گرنگترین کێلگەی نەوتییە دوای کێڵگەی عومەر لە پارێزگای دێرەزوور، بەرهەمهێنانی رۆژانەی نزیکە 40 هەزار بەرمیل بوو، کە لە 150 بیرەوە بەرهەمدەهێندرێن، بەڵام بەرهەمهێنانی ئێستایان بە 5 - 10 هەزار بەرمیل رۆژانە دەخەمڵێندرێت.

-هەروەها کێڵگەکانی جەفرە و کۆنیکۆ.

-کێڵگەکانی تیم و وەرد کەوتووەتە باشووری پارێزگای دێرەزوور و رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرێت و لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریایە.

پارێزگای حەسەکە

سەرجەم کێڵگەکانی نەوت و گاز لە ژێر دەسەڵاتی سووپای سووریای دیموکراتە، کە ئەمانە لە خۆ دەگرێت.

-کێڵگەی رمێلان، رۆژانە 90 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێندرێت، شارەزایان پێیان وایە کێڵگەکە نزیکە 1322 بیر لەخۆدەگرێت.

-كێڵگەی سوێدییە، 116 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لێ بەرهەم دەهێندرێت، هاوکات نزیکەی 25 بیری گازی سروشتیش لە کێڵگەکە هەڵکەوتووە.

-کێڵگەکانی شەدادی و جەبسە و هۆل، کە بەرهەمهێنانی رۆژانەیان دەگاتە 30 هەزار بەرمیل نەوت.

-کێڵگەکانی یوسفیە رۆژانە 1200 بەرمیل نەوتی لێ بەرهەمدەهێنرێت.

-هەروەها دوو کێڵگەی گاز هەیە لە پارێزگاکە، ئەوانیش رومێلان کە دوو ملیۆن مەتر چوارگۆشە رۆژانە گازی لێ بەرهەم دێت، ئەوی دیکەش جەبسە کە 1.6 ملیۆن مەتر چوارگۆشە بەرهەمی گازی هەیە رۆژانە.

بەنداوەکان لەسەر رووباری فورات

-بەنداوی بەعس

بەنداوی بەعس ساڵی 1986 لەسەر رووباری فورات دروستکراوە، کە 20 کیلۆمەتر لە شاری رەققە و 27 کیلۆمەتر لە بەنداوی فورات دوورە، بەرزییەکەی 14 مەتر و پانییەکەی 60 مەترە، ئاوی کۆگاکراوی بەنداوەکە بە مەبەستی ئاودێری و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا سوودی لێ وەردەگیرێت.

-بەنداوی فورات

بەنداوی فورات یاخود بەنداوی تەبقە کەوتووەتە پارێزگای رەققە، 50 کیلۆمەتر لە دووری شارەکەیە، بەرزییەکەی 60 مەتر و پانییەکەی 4.5 مەترە، دەریاچەیەکی گەورەی لێ دروستبووە بە پانی 8 کیلۆمەتر و بەرزی 80 کیلۆمەتر. زیاتر لە 11.6 ملیار مەتر سێجا ئاوی کۆگاکردووە. بەنداوی فورات بە گەورەترین بەنداوی سووریا دادەنرێت. بۆ پڕۆژەی کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا سوودی لێوەردەگیرێت، هەروەها ناوچەکانی نیشتەجێبوونی دەوروبەری بەنداوەکە لە لافاو دەپارێزێت.

-بەنداوی تشرین

بەنداوی تشرین کەوتووەتە ناوچەی منبج کە سەر بە پارێزگای حەلەبە. ئەو بەنداوە 115 کیلۆمەتر لە پارێزگاکە و 80 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورە، بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و کۆگاکردنی ئاو و پڕۆژەی کشتوکاڵی سوودی لێوەردەگیرێت. توانای کۆگاکردنی 1.9 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.

جگە لەوانەش، گەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ کەوتوونەتە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی فورات، کە نزیکن لە شاری کۆبانێ وسەر بە کۆمپانیای لاڤارجی فەرەنسین.

سەرەڕای ئەوانە، ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا زۆرینەی پێداویستی وەک گەنم، جۆ، نیسک بۆ تەواوی وڵاتەکە دابین دەکات. جگە لە بەرهەمهێنانی لۆکە بە تایبەت لە پارێزگای حەسەکە لەسەر سنووری سووریا، هۆکاری باشی بەرهەمەکەش دەگەڕێتەوە بۆ رووبەری فراوانی ناوچەکە و بە پیتی زەوییەکە هەروەها باران بارینی لەبار بۆ بەرهەمهێنانی لۆکە.