بایكۆتی كۆنگره‌ی پارێزه‌ران ده‌كرێت

13/10/2019 - 16:13 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بۆهۆی شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رندیكای پارێزه‌ران ، ئەندامانی لیستی پیشەییبونی پارێزەرێتی بڕیاری بایكۆتكردنی كۆنگرەی ئەنجومەنی سەندیكاكەیان دا.
محەمەد مەعروف پارێزەر لە لیستی پیشەییبون لە كۆنگره‌یه‌یك رۆژنامه‌وانیدا لەشاری سلێمانی رایگەیاند، پاش تێپەڕبونی زیاتر لە ساڵ و نیوێك بەسەر كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیكا و درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنیان بە نایاسایی، لەژێر فشاری ئەو لیستەدا بڕیاریان دا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆنگرە بەشێوەی لیستی كراوە، بەڵام لەدوای پێشكەشكردنی لیستێك لە پارێزەرانی بەئەزمون و ناسراو و دڵسۆزانی پیشەی پارێزەرێتی و دوای پەسەندكردنی لیستە بەشداربوەكان بڕیاریان دا بە دەستكاریكردنی میكانیزم و شێوازی هەڵبژاردن لە لیستی كراوەوە بۆ لیستی داخراو.
وتیشی "ئەم بڕیارە لەكاتێكدایە پێچەوانەی پرەنسیپەكانی دیموكراسییە، هاوكات زەوتكردنی ئیرادەی پارێزەرە لەبری دەنگدان بە نوێنەری راستەوخۆیان ناچاردەكرێن بەدەنگدان بە لیستی حزب و لە بری دڵسۆزی پیشەكە دڵسۆزانی حزب دەبنە نوێنەری پارێزەران، بۆیە لیستی پیشەییبونی پارێزەرێتی بڕیاری دا بە بایكۆتكردنی ئەو شانۆگەریە ئامادەكراوەی سەندیكا، داوا لە سەرجەم هاوپیشەكانیشمان دەكەین بەشداری نەكەن".
محەمەد مەعروف ئاماژەی بەوەشدا، لە هەولێر لیستێكی هاوشێوەیان ئامادەكردوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتونەتە ئەو بڕیارەی بایكۆت دەكەن یان بەشداری دەكەن، چەندینجار كۆبونەوەیان لەگەڵ سەندیكای پارێزەران كردوە و بەیاننامەیان دەركردوە، بەڵام سەندیكا ئەوەندەی خەریكی پاراستنی بەرژەوەندیە حزبیەكانە، ئەوەندە خەریكی پاراستنی پارێزەران نییە.