هەوڵی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەدرێت

14/10/2019 - 10:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی



وەزیری بەرگری عێراق ڕایدەگەیەنێت: هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سیستمی سەربازیی و ئاسایشی عێراق، بۆیە پێویستە دەربارەی هەوڵی هەواڵگری و چالاكییەكان یەكگرتووبین بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی تیرۆریستی داعش.

 

دوێنێ یەك شەممە 13-10-2019، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لەبەغدا وەزیری بەرگری عێراق كۆبونەوەو دواتر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، نەجاح شەمەری وەزیری بەرگری عێراق ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سیستمی سەربازیی و ئاسایشی عێراق، لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیران، كە فەرماندەی فەرماندەیی هێزە ئەمنییەكانی عێراقە هەوڵی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەدەین بۆ ئەوەی بە تەواوی كۆتایی بهێنین بە چەكداران داعش، كە لە چەند ناوچەیەكی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دا هەن.

 

ئەوەشی خستەڕوو: هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە رێكخراوەیی ئاساییشی عێراق، هەندێك كێشەی بچووك هەن و گفتوگۆمان دەربارەیان كردوون و چارەسەریان كارێكی قورس نییە، مەبەستی یەكەم و كۆتایی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراقەو هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سیستمی سەربازیی و ئاسایشی عێراق، بۆ ئەمەش پێویستە دەربارەی هەوڵی هەواڵگری و چالاكییەكان یەكگرتووبین بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی تیرۆریستی داعش، كە ئێستا لە چەند ناوچەیەكی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەن.

 


هەروەها شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەدا، رایگەیاند: ئیرادە و لێك تێگەیشتنێكی بەهێز بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا هەیە، بەگوێرەی دەستووری عێراق هێزی پێشمەرگە بەشێك لە هێزی بەرگری، بۆیە پێویستە بەغدا مافە دەستوورییەكانی پێشمەرگە بدات.