بێ ئەوەی ناوی توركیا بهێنێت، پەرلەمانی كوردستان بەیاننامەیەكی دەركرد

16/10/2019 - 10:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

دوێنێ سێ شەممە پەرلەمانی كوردستان لەسەر لەشكركێشەكی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان كۆبوەیەوە، دوارت بەیاننامەیەكی 12 خاڵی بڵاوكردەوە كە بۆیەكجاریش ووشەی توركیای تێدابەكار نەهێنا.

 

لەسەر ناونەهێنانی توركیا لە بەیاننامەكەدا، م.ئەبوبەركر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: بەهیچ شێوەیەك لەڕاسپاردەكاندا ناوی سوپای توركیا نەهاتوە،لەكاتێكدا بەقورسترین وپێشكەوتووترین چەكی سەربازی ڕووبەرووی گەلێكی سڤیل بۆتەوە كەلەسەر خاكی خۆی دەژی وداوای كەرامەت وئازادی خۆی دەكات.

 

ئەوەشی خستەڕوو: دەبوایە لەڕاسپاردەكاندا جەخت بكرایەتەوە لەهەردوو بڕیاری پێشووی پارلەمان ژمارە(٣٧)ی ساڵی (٢٠٠٣)كەداوای چونەدەرەوەو گەڕانەوەی سوپای توركیا دەكات بۆتوركیا وبڕیاری ژمارە(٢٤)ی ساڵی (٢٠١٤)كەحكومەتی هەرێم پابەند دەكات بەداننان و پاڵپشتی شێوازی خۆبەڕێوەبردنی گەلی ڕۆژئاوای كوردستان وبەپێی توانای دارایی خۆی هاوكاری پێویست پێشكەش بە ڕۆژئاوای كوردستان بكات.

 


دەقی ڕاگەیەندراوەكەی پەرلەمانی كوردستان:

- پەرلەمانی كوردستان دژە شەڕە و داوا دەكەین هەرچی زووە شەڕ و لەشكركێشی و ململانێی سەربازی كۆتایی پێبهێنرێت و لەبری ئەوە پشتیوانی بژاردەی چارەسەری ئاشتییانەین و دەخوازین لە رێگەی دیالۆگەوە كۆتایی بە ناكۆكییەكان بهێندرێت.

- وێڕای بە توندی ئیدانەكردنی هێرش و لەشكركێشی و بە ئامانجگرتن و پەلاماری سەر هاووڵاتیان، داواكارین سەروماڵ و گیانی خەڵكی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەكان پارێزراو بێت.

- پەرلەمانی كوردستان لە پێناوی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی، بەرمەبنای رێكەوتتنامە نێودەوڵەتیەكان، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و رێكخراوە هەرێمایەتی و نێوەدەوڵەتییەكان دەكات، هەوڵ و توانایان چڕتر بكەنەوە و گوشارە سیاسی و دیپلۆماسییەكانیان زیاتر بكەن بەئاراستەی كۆتاییهێنان بەو شەڕو لەشكركێشیەی كە ئیستا لە رۆژئاوای كوردستان هەیە.

- حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەسپێرین تاوەكو لە چوارچێوەی تواناكان، بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە نێوەدەوڵەتییەكان ئامادەسازی تەواو بكات بۆ پێشوازی و حەواندنەوە و بە دەمەوەچوونی ئەو پەنابەرانەی كە بەهۆی شەڕ و ململانێكانی ئێستای ناوچە جیاجیاكانی رۆژئاوای كوردستانەوە روو لەهەرێمی كوردستان دەكەن.

- داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، وێڕای چڕتركردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەكان و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، كاری زیاتربكات بۆ یەكخستنی هەڵوێستی تەواوی لایەنە سیاسییە بەڕێزەكانی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی پشتیوانیكردن لە بژاردەی ئاشتییانە.

- داوا لە حكومەتی عێراقی فیدراڵ دەكەین، هاوكاری دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت بە دابینكردنی بەشێك لە بودجەی (فریاكەوتن) بۆ فریاكەوتن و حەواندنەوەی ئاوارەكان، چونكە هاوكاری و بەدەمەوەچوونی پەنابەری نوێ و ئیدارەدانی ئاوارە و پەنابەرانی ئێستای ناو كامپەكانی هەرێمی كوردستان، بارگرانییەكی دارایی گەورە دەخاتە سەر هەرێمەكەمان و لە تواناكانمان زیاترە.

- داوا لە سەرجەم ئەو كۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیە دیپلۆماسییانەی وڵاتان دەكەین كە لە هەرێمی كوردستانن، حكومەتەكانیان لەو دۆخەی ئێستای رۆژئاوای كوردستان بە وردەكاری رووداوەكانی و لێكەوتە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و جیهانییەكانی ئاگاداربكەنەوە و هەوڵ و توانا و گوشارە دیپلۆماسییەكانیان بۆ راگرتنی شەڕ و ململانێی سەربازی و ماڵوێرانی خەڵكی سڤیل و ئاوارە بوونیان زیاتر بكەن و هەموو لایەنە ناكۆكەكان بۆ گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتی هانبدەن. هاوكات داوایان لێدەكەین كە هاوكاری دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بن بۆ بەدەمەوە چوونی ئاوارە و پەنابەران.

- پەرلەمانی كوردستان هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و پشتیوانی و بەدەمەوەچوونی ئاوارە و لێقەوماوانی رۆژئاوای كوردستان رادەگەینێت و لە روانگەی ئەركی نیشتمانی و مرۆیی و نەریتی كوردستانیانەمانەوە، داخوازیمان ئەوەیە خەڵكی كوردستان وەك نەریتێكی مرۆڤدۆستانەی كوردستانیانە، ئەوەی لە توانایاندایە لە رێگەی ریكخراوە ناوخۆیی و نێوەدەوڵەتییەكان و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمەوە ، بەدەم ئاوارە و پەنابەرانەوە بچن. پەرلەمانتارانی كوردستان بەشدارن لەم هەڵمەتە نیشتمانییە.

- پەرلەمانی كوردستان نیگەرانییەكی قوڵی هەیە لەوەی ئاراستەی رووداوەكان و كاری هێزە چەكدارە توندڕەوەكان بە جۆرێك بن كە دۆخی نەخوازراو و ناهەمواری عەفرین و پیشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ و كارە دژە مرۆڤایەتییەكانیان و بە تاڵان بردنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان و گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان دووبارە بكەنەوە. پێویستە هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیە بن كە رێ لەم هێزە چەكدارانە بگیرێت تاوەكو دۆخی سەری كانێ، گرێ سپی و كۆبانێ و ناوچەكانی دیكە وەك عەفرین لێ نەكەن.

- گەلی كورد و گەلانی دیكەی سووریا، مافێكی سرووشتی و یاسایی و دیموكراسییانەی خۆیانە، لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی چارەسەری دۆخی گشتیی سووریا بە ئاراستەی جنێڤ و ئاراستەی ئاستانە و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە سووریا، لە هەر رێككەوتنێك بۆ دۆخی سووریای دوای شەڕ، مافی نەتەوەیی و هاووڵاتی بوون و یەكسانی و دادپەروەری لە ئەرك و مافیان لە دەستووری نوێی سووریا و شێوەی حوكمڕانی لە چوارچێوەی سووریادا بچەسپێت.

- پەرلەمانی كوردستان داوا لەسەرجەم هێزە كوردستانییەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكات، ململانێی حزبی و ئایدیۆلۆژی تەسك بە لاوە بنێنن و قۆناخێكی نوێی كاری پێكەوەیی و خەباتی بەرەیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای خەڵكی كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێبكەن و لەسەر بنەمای ئاشتی و دیموكراسی و دیالۆگ و پێكەوە ژیان و وەستانەوە دژی تیرۆر، خەباتی گەلی كوردستان لەرۆژئاوای كوردستان زیاتر پێشبخەن و لاپەرەیەكی نوێ هەڵبدەنەوە.

- پەرلەمانی كوردستان سەرنجی كۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی بۆ ئەو راستییە رادەكێشێت كە رووداوەكانی ئەم دواییەی رۆژئاوای كوردستان و كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەو لەشكركێشییە و ناسەقامگیریەی كە لە چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان هاتووەتە ئارا، هەموو دەستكەوتەكانی شەڕی تیرۆر و شكاندنی ئەفسانەی داعش لەناو دەبات و زەمینەی سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆریستانی دیكە زیاتر دەكات و بەوەش جاریكی دیكە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمایەتی و جیهانی دەكەوێتەوە بەر مەترسی.