لەڕۆژێكی وەك ئەمڕۆداو لە 16 ئۆكتۆبەردا نیوەی خاكی كوردستان لەدەستدرا

16/10/2019 - 11:51 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا و دووساڵ لە مەوبەر هێزەكانی سوپای عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێرشیانكردە سەر شاری كەركوك و دەوروبەری كە بەهۆیەوە كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كەوتە ژێر دەسەڵاتی بەغدا.

 

لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا و لە بەرواری 16 -10-2017 ، هێزەكانی سوپای عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێرشیانكردە سەر شاری كەركوك و دەوروبەری، سەرەتا لە چەند شوێنێك لەگەڵ پێشمەرگە ڕوبەڕوبونەوە ڕویداو لە ڕیزەكانی پێشمەرگە چەند شەهید  بریندارێك هەبون، پاشان بەبێ‌ تەقە شارەكە ڕادەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی كرایەوە.

 

هەر لەو ڕۆژەدا هەمو هێزە كوردیەكان كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان بەجێهێشت و بەشێكیش لە هاوڵاتیانی شارەكە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و نیوەی خاكی كوردستانی باشوریان لەدەستدا.

 

هەروەها لەدوای گرتنی شاری كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی وویستیان هێرش بكەن سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانەوە توانرا هێرشەكە تێكبشكێندرێت.

 

ئەوەی جێگەی داخە، لەو ڕۆژەدا كەباس لەوە دەكرێت دەستی ناوخۆی لە پشتە ڕوداوەكەوەن، شاری كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە خوێنی 1800 شەهید و 10000 هەزار بریندار لە ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەدەست هاتبو جارێكیتر ڕادەستی حكومەت و سوپای عێراق كرایەوە.