ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پاشەكشێی هێزەكانیان لە سوریا ڕەتكردەوە

17/10/2019 - 09:35 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا لەسەر لەشكركێشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان كۆبویەوەو تیایدا بە كۆی زۆرینەی دەنگ سەركۆنەی بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكایان كرد سەبارەت بە كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا.

 

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا لە دەنگدانێكدا بە كۆی 354 دەنگ، پڕۆژە بڕیارێكیان پەسەند كرد تیایدا سەركۆنەی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەكات سەبارەت بە كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 

لە دەنگدانەكەدا 60 ئەندام پشتگیری سەرۆكی ئەمریكایان كرد لەم دەنگدانەدا دەیان ئەندامی كۆمارییەكانیش دەنگیان خستە پاڵ دەنگی دیموكراتەكان.

 

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا نانسی پیڵۆسی وتی كۆبوونەوەكەی نێوان ڕابەرانی دیموكراتەكان لەگەڵ سەرۆك دانۆڵد ترەمپدا لە كۆشكی سپی بە كورتی بڕایەوە دوای ئەوەی سەرۆك ترامپ " زۆر توڕە بووە " لە دەنگدانەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا.