زانیاری لە بارەی خەرجکردنەوەی مووچەیەکەوە

18/10/2019 - 13:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

رێنمایی تایبەت بۆ خەرجکردنەوەی مووچەیەک دەردەكرێت ولە داهاتوویەكی نزیك دەست بە دابەشكردنی مووچەكە دەكرێتەوە.
لێژنەیەك لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ئامادەکاری دەكات بۆ دەكردنی ڕێنمایی نوێی تایبەت مووچەی تۆڕی چاودێری خێزان .
لە ساڵی 2015 وە خەرجکردنی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەستاوە، زیاتر مووچەکە ئەوانەیە کە ھیچ مووچە و داھاتیان نییە بۆ ئەو ژنانەیە کە بێ ھاوسەرن و بۆ قوتابیانی خێزاندارن.

فواد سدیق، بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بە (باس)ی راگەیاند، لە رێگەی لیژنەیەك میكانیزمی چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی مووچەی چاودێری خێزان ئامادە دەكرێت، گوتی: "بۆ دەستپێكردنەوەی مووچەی تۆڕە چاودێری خێزان رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانیشمان هەیە، ئێستا خەریكی دەركردنی رێنمایی تایبەتین بەم بوارە".
به‌ بڕیارێکی‌ حکوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان له‌ 2011 دا له‌ رێگه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ کاروکاروباری‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ مووچەی ‌چاودێری‌ خێزان له‌ 30 هه‌زار دیناره‌وه‌ زیادکرا بۆ 150 هه‌زار دینار،پێش وەستانی مووچەکە، 84 هەزار کەس بە ناوی مووچەی چاودێری خێزان مووچەیان وەردەگرت.
فواد سدیق، روونی كردەوە كار بەو لیستانەی پێشووتر ناكرێت، گوتیشی:"هەیە مردووە،ناعەدالەتی هەبوو زۆر ناوی تێدا بوو شایستە نەبوو، بۆیە سەرلەنوێ كارەكە ئەنجام دەدرێتەوە و رێنمایی نوێ دردەكرێت، بۆ ئەوەی رێنماییەكان بەجۆرێك بێت تەنها خەڵكی كەم دەرامەت و هەژار لێی سودمەند بێت".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی جەختی كردەوە بڕی مووچەكە ئێستا دیاری نەكراوە پێویستی بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەبێت، گوتیشی:"سەرەتا دەمانەوێت ژمارەی ئەو خێزانانە بزانین كەوا هیچ دەرامەتێكیان نیە، بەپێی ژمارەكە لەگەڵ دارایی وئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ دەكەین بۆ بڕینەوەی مووچەیەكی مانگانە بۆیان".
ئاشكراشی لەگەڵ وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی عێراق لەسەر ئەو پرسە كۆبونەوەیان كردووە ئەوان پشتیووانیان كردوون، گوتیشی:" لیژنەیەكی هاوبەش دروستكراوە بۆ ئەوەی لە پرسی مووچەی چاودێری خێزان هاوكاری یەكتر بكرێت".
پێشووتر کوێستان محەمەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند:" گەڕاندنەوەی مووچەی چاودێری خێزان لە بەرنامەی کاری وەزارەتمان هەیە،پاش رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران لەسەری ئەوکات دەست بە خەرجکردنی دەکرێتەوە".
زیاتر گوتیشی:" ماوەیەکە مووچەکە راگیراوە، جارێک روون نیە بە چ فۆڕم و شێوەیەک دەست پێ دەکرێتەوە، بەڵام بە دڵنیایی دواتر چاکسازی لی لیستەکان دەکرێت".
پێشووتر وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی پلانی ئەوەی ئاشکرا کردبوو لیستی مووچەی چاودێری خێزان پاکبرێتەوە و کەسانی ناشایستە لابدرێن.