دوو بەرپرسی ئەمریكا نهێنی لەسەر ڕێككەوتنەكەی ئەمریكاو توركیا ئاشكرادەكەن

19/10/2019 - 10:01 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

دوو بەرپـرسی باڵای دیموكراتەكان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزادانی كاربەدەستانی حكومەتی توركیا لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە لە پاش ئەو ڕێكەوتنەی پـێنجشەممە لە ئەنكەرە پـێیگەیشتن، نهێنی لەسەر ڕێككەوتنەكەی ئەمریكاو توركیا ئاشكرادەكەن.

 

نانسی پـیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا و چەك شومەر سەرۆكی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی سینات پـێكەوە ڕاگەیاندنێكیان بڵاوكردەوەو ڕایانگەیاند: بڕیاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی سەر توركیا سەپـێندراون بەهۆی هێرشی دڕاندانەی بۆ سەر هاوبەشە كوردەكانمان، لە بەرامبەر ئاگربەستێكی بە ڕواڵەت، بە شێوەكی مەترسیدار متمانەكردن بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەخاتە ژێر پـرسیارەوە، وە پەیامێكی مەترسیدار بە هاوپەیمان و دوژمنانمان دەنێرێت كە ئەویش ئەوەیە ناكرێت متمانە بە قسەكانمان بكرێت.

 

ئەوەشیان خستەڕوو: سەرۆكی ئەمریكا دەستی لە هیچ هەڵنەگرتووە، وە سەرۆك ترامپ هەموو شتێكی داوەتێ، توركەكان بە ئاشكرا وتویانە: ئەمە ئاگربەست نیـیە‌ وە بە ڕوونی وتوویانە‌ بۆ ماوەی 120 كاتژمێر ئۆپەراسیۆنەكە ڕادەگرن هەتا تێرۆرستان دەڕۆن، كە ئەمە مەبەستیان جەنگاوەرە كوردە قارەمانەكانە ئەوانەی نزیكەی 11 هەزار قوربانیـیان داوە لە شەڕەكەماندا بۆ شكستهێنان بە داعش.

 

ئەوەشیان خستەڕوو: ئەم ڕێكەوتنە هیچ سوودی نیـیە بۆ ڕێگەگرتن لە هەڵهاتنی داعشە زیندانیكراوەكان، وە نیشانی دەدات سەرۆك بە تەواوی هیچ ستراتیژیەتێكی نیـیە بۆ شكستهێنان بە داعش. ئەو قسەیەی دەڵێن توركیا و سوریا پاسەوانی زیندانیكراوەكان دەكەن جێی شەرمە و ئاسایشی وڵاتەكەمان دەخاتە بەر مەترسیـیەوە. هێشتا داعش هەڕەشەیە، وە بێ گومان لە جاران زیاتر سەرۆك ترامپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان هەڵكردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی داگیركاری بۆ سەر سوریا.

 

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: سەرۆكی ئەمریكا ئاژاوە و نائارامیـیەكی لە سوریا نایەوە كە بووەتە هۆی كوژرانی دەیان كەسی سیڤیلی بێ تاوان، وە ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەسی دیكە و داعش هان دەدات سەرلەنوێ بگەڕێتەوە، تەنیا نەیارانمان سوودمەندن لە سیاسەتەكانی سەرۆك: داعش، بەشار ئەسەد، ڤلادیمیر پـوتن، ئێرانن. ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ ئەوە پـشتڕاستدەكاتەوە سەرۆك ترامپ لە پـوتن ناڕوانێت وەك مەترسی بۆ سەر وڵاتەكەمان.

 

جێگەی ئاماژەبۆكردنە پێشتر دەنگدانی هەردوو پارت بە دەنگی 345-60 لە ئەنجومەنی نوێنەران لە دژی بڕیاری سەرۆك وە داواكردنی ستراتیژیەتێكی ڕوون و ئاشكرا بۆ دژی داعش هەنگاوێكی گرنگە، وە پـێویستە ئەنجومەنی سیناتیش دەستبەجێ هەمان كاربكات بكات. هەفتەی داهاتوو، ئەنجومەنی نوێنەران كۆمەڵێك سزای توند پەسەند دەكات كە لەلایەن هەردوو پارتەوە ئامادەكراون بۆ نەهێشتنی ئەو كارەساتە مرۆیـیەی سەرۆك ترامپ لە سوریا نایەتەوە. سەربازانمان و هاوپەیمانانمان و هاوبەشەكانمان كە هەموویان بەدەست شەڕی سوریاوە دەناڵێنن شایستەی ڕێبەرایەتیـیەكی زیرەك و بەهێز و ژیرن لە واشنتن.