گەشتێكی فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ توركیا هەڵوەشایەوە

21/10/2019 - 09:45 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

دوێنێ یەكشەممە گەشتێكی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی توركیش ئێرلاین لە سلێمانییەوە بۆ ئیستەنبوڵ لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بەهۆی كەمی سەرنشینەوە هەڵوەشایەوە.

 

میدیاكانی یەكێتی بڵاویانكردەوە، بڕیاربوو دوێنێ كاتژمێر 3:30 دەقیقە پاشنیوەڕۆی گەشتێك بۆ توركیا ئەنجام بدرێت، بەڵام پاش هەڵوەشاندنەوەی گەشتەكە بە گەشتیارەكان وتراوە كە گەشتەكە دەخرێتە ئەمڕۆ دووشەممەو هۆكاری هەڵوەشاندنەوەكەش بۆ كەمی سەرنشین گەڕاندوەتەوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو: پێشتر و لە یەك دوو مانگی ڕابردوودا، رۆژانە شەش گەشتی ئاسمانییان بۆ توركیا هەبووە، بەڵام لەئێستادا كەمبووەتەوە بۆ گەشتێك یان دوو گەشت.

 

كۆمپانیاكانی هێڵی ئاسمانیش لەسلێمانی كەمبوونەوەی نرخی بلیتی فڕۆكە لە سلێمانیەوە بۆ توركیا لە 600 دۆلارەوە بۆ 250 دۆلار بۆ ئەو بارودۆخە دەگەڕێنەوە كە لە رۆژئاوای كوردستان هەیە.