سێ به‌رپرسی كورد ده‌ستگیرده‌كرێن

21/10/2019 - 15:24 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئه‌مڕۆ، دووشه‌ممه‌ 21ی تشرینی یه‌كه‌م، حكومه‌تی توركیا سێ سه‌رۆك شاره‌وانی كوردى له‌ باكووری كوردستان ده‌ستگیركرد و بڕیاره‌ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا دادگایی بكرێن.

عابد ئیكه‌، نوێنه‌ری پارتى دیموكراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ عه‌دنان سه‌لجوق مزراكلی، سه‌رۆكی شاره‌وانی دیاربه‌كر، ئۆرهان ئایاز سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی بسمیل و كه‌زبان یه‌ڵماز سه‌رۆك شاره‌وانی كایاپنار له‌ باكورى كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌ستگیركران و ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش كراون بۆ لێكۆڵینه‌وه‌".

له‌باره‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان كراوه‌، عابد ئیكه‌ وتی:" توركیا تۆمه‌تی بانگه‌شه‌كردن بۆ رێكخراو و گروپی نایاسایی ئاڕاسته‌ى ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانیانه‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كورد نه‌توانێت له‌و شوێنانه‌ی زۆرینه‌ خزمه‌ت بكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ده‌په‌ ده‌نگه‌كانی زیاد نه‌كات".

ناوبراو بۆ دواڕۆژ وتیشی: "دوای دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانیانه‌، كه‌سانی دیكه‌ وه‌ك قه‌یوم ( جێگره‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ) خرانه‌ شوێنه‌كانیان".

نوێنه‌ری هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێم ئاماده‌ به‌وه‌شده‌كات: هه‌فته‌ی رابوردوو سێ سه‌رۆك شاره‌وانی دیكه‌ دوورخرانه‌وه‌ و ده‌ستگیركراون، به‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانیانه‌ی كه‌ تائێستا ده‌ستگیركراون زیاتره‌ له‌ 80 سه‌رۆك شاره‌وانی كورده‌.