ئۆتۆمبێلی جۆری "ڕۆلز ڕۆیس" كێشه‌ ده‌خاته‌ گومرگی باشماخه‌وه‌

22/10/2019 - 15:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا لە دەروازەی گومرگی باشماخەوە (4) ئۆتۆمبیلی جۆری (رۆڵز رۆیس) هاتوەتە ناو هەرێمی كوردستانەوە كە یەكێكە لە گرانبەهاترین ئۆتۆمبیلەكان لەسەر ئاستی جیهان، چەند رۆژێكە داخڵكردنی دوو ئۆتۆمبیلی گرانبەها كێشەی لەو دەروازە سنورییە دروستكردووە، بەپێی قسەی پەرلەمانتارێك بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە دەرەوەی یاسا ئۆتۆمبیلی مۆدیل كۆن هاوردە دەكات، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێم دەڵێ دەبێت وەزیری دارایی‌و ناوخۆ پێكەوە گفتوگۆ بكەن‌و كێشەكە چارەسەر بكەن.

رۆژی 25ی مانگی رابردوو، دوو ئۆتۆمبیلی گرانبەها لە جۆرەكانی (رۆڵز رۆیس)‌و (رانج رۆڤەر) لەناو كۆنتێنەرێكدا گەیشتە ناو دەروازەی باشماخ.
بەرلەوەی كۆنتێنەرەكە بە ئۆتۆمبیلەكانی ناوییەوە بگاتە ناو گۆڕەپانی گومركەكە، هێزێكی ئاسایشی گومرگ لەكاتی پشكنینی كۆنتێنەرەكە لە ئامێری "سۆنار"، دەستیان بەسەر هەردوو ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكەدا گرت، بڕیاربوو ئەم دوو ئۆتۆمبیلە بەشێوە نایاسایی "قاچاخ" بەناو گومرگەكەدا دەربازبكرێن‌و بهێنرێنە ناو سنوری هەرێمی كوردستانەوە.
هەردوو ئۆتۆمبیلەكە (رۆڵز رۆیس‌و رانج رۆڤەر)، مۆدێلی كۆنن‌و بەپێی یاسای كارپێكراوی گومرگ هێنانەناوەوەیان قەدەغەیە، بەپێی یاسا تەنیا ئەو ئۆتۆمبیلانە بۆیان هەیە بهێنرێنەناو هەرێمەوە كە مۆدێلیان بۆ سێ ساڵی كۆتایی دەگەڕێتەوە واتە مۆدێلەكانی (2017- 2018- 2019).

بەپێی ئەو زانیارییەكانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی دەست كەوتوون، دوای ئەوەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی گومرگی باشماخ كە ناوی (عەقید ئەحمەد)ە، ئۆتۆمبیلەكان رەوانەی ئاسایشی سلێمانی كردووە، لە سلێمانی (رۆڵز رۆیس)ەكە رادەستی خاوەنەكەی كراوەتەوە كە كەسێكە بەناوی (ر-س)، رانج رۆڤەر-ەكەش لای ئاسایش ماوەتەوە.


سەرچاوەیەكی ئەمنی باڵا لە سلێمانی رایگەیاند، لیوا مەریوان كەمال سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ
داوای لە (عەقید ئەحمەد) بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەكە كردووە، ئەو دوو ئۆتۆمبیلە بگەڕێنێتەوە بۆ دەروازەكە، چونكە بەشێوەی نایاسایی داخڵكراون‌و گورمرگ نەكراون، بەڵام بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی باشماخ رەتیدەكاتەوە.
لە لێدوانێكدا تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری دەروازەی گومرگی باشماخ چیرۆكی هاتنەناوەوەی دوو ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكەی پشتڕاستكردەوە‌و رایگەیاند:" بەپێی یاسا دەبێت ئەو دوو ئۆتۆمبیلە بگەڕێنەوە بۆ ناو گومرگ‌و لەوێ بەپێی یاسای گومرگی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت".


بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان ئاگاداری كێشەیەكە، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لە لێدوانێكدا ڕایگه‌یاند :" گومرگی باشماخ رێوشوێنی یاسایی گرتوەتەبەر‌و دەبێت ئۆتۆمبیلەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ گومرگەكە".

بەگوێرەی پێناسی گومرگی، ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلانە ئەگەر مۆدیلیان لەچوارچێوەی مۆدێلە رێگەپێدراوەكاندا بێت، واتە مۆدێلی سێ ساڵی كۆتایی بن، ئەوا لەكاتی هاوردەكردنیان، لە گومرگەكانی هەرێم رێژەی 15%ی ئەو بەهایەیان لێوەردەگیرێت كە لە پێناسی گومرگیدا بۆیان دیاریكراوە.


ئەو دوو ئۆتۆمبیلەی كە ئێستا كێشەی لە دەروازەی باشماخ دروستكردووە، ئەم یاسایە نایگرێتەوە، چونكە لە بنەڕەتەوە بەپێی مۆدێلەكانیان نابێت هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێن، واتە بەرلەوەی گومرگ بكرێن، دەبێت سزای دارایی بەسەر خاوەنەكەیدا بسەپێندرێت كە هەوڵی دەربازكردنی داون لە دەرەوەی یاسای كارپێكراو.


كێشەی ئەو دوو ئۆتۆمبیلە لە دەروازەی باشماخ، دواین ئەلقەی زنجیرەیەك كێشەی گەورەتری بواری بازرگانی ئۆتۆمبییلە لە هەرێمی كوردستان.

رۆژی (4)ی ئەم مانگە، دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیی:" بەرۆژی روناك‌و بەناو دەروازەكاندا، ئۆتۆمبێلی مۆدێل كۆن دەهێنرێتە ناوەوەی هەرێم‌و بەئیمزایەكی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ جەلالی شێخ كەریم بە بەرچاوی ئەو خەڵكەوە رەقەمی بۆ دەكرێت".


ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان بە درەو میدیا ی راگەیاند:" بەپێی یاسا ئۆتۆمبیلی مۆدێل كۆن نابێت هاوردە بكرێت، دەبێت وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی پێكەوە گفتوگۆی لەسەر بكەن‌و چارەسەری بكەن".

لە هەرێم بازرگانی ئۆتۆمبیل یەكێكە لەو بازرگانیانەی كە هاوشێوەی دۆسیەی نەوت‌و بوارەكانی تر ناشەفافە‌و لەلایەن حزب‌و دەستڕۆیشتووەكانی ناو حزبەوە قۆرخكراوە و دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژانە روبەڕووی چەندین حاڵەتی فشاری پشتی پەردەی بەرپرسانی سیاسی حزبی‌و حكومی دەبنەوە، كە هەوڵی تێپەڕاندنی نایاسایی ئۆتۆمبیل دەدەن.