حكومه‌تی هه‌رێم قه‌رزه‌كانی كاتی قه‌یرانی دارایی ده‌داته‌وه‌

22/10/2019 - 16:30 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بیاره‌ حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان قۆناخ بە قۆناخ پارەی ئەو بانکە ئەهلیيانە بداته‌وه‌ کە بەهۆی قەیرانی دارایی پارەکانیان خەرج کراوە.


شێروان ئەنوەر مستەفا، سەرۆکی هاوبەندی بانکە ئەهلییەکانی عێراق رایگەیاند "لەو ماوەیەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشی هەشتەمی قەرزەکانی بانكەكانى داوەتە بە بانکی ناوەندی، لە دانەوەی قەرزەکان کێشە نییە و کاری باش کراوە".


ئاشکراشی کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی قەیرانی دارایی و هاتنی داعش لە ساڵی 2014، نزیکەی یەک ملیار دۆلاری لە بانکە ئەهلییەکان راکێشاوە و خەرجی کردووە، وتیشی: "قۆناخ بە قۆناخ پارەکە و بەشی هەشتەمی قەرزەکانی داوەتەوە، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلاری کۆی قەرزەکەی داوەتەوە، کە لە بنەڕەتدا یەک ملیار دۆلار بووە".


شێروان ئەنوەر بۆ  باسنیوز ئاشکراشی کرد، هەر بەشێک لەوەی تر جیاواز بووە، جاری وا هەبووە 100 ملیۆن دۆلار بووە و جاری واش هەبووە 50 ملیۆن دۆلار بووە، وتیشی: "ئێستا داتای تەواوی گەڕانەوەی ئەو قەرزانە لای لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقە”.


روونیشی کردەوە، گەڕاندنەوەی پارە بۆ بانکە ئەهلییەکان وای کردووە جۆرێک لە متمانە لەنێوان خەڵک و حکوومەت و بانکە ئەهلییەکان دروست بێتەوە، وتیشی: "ئەو پارانەی موڵکی خەڵک بوونە و خەرج کراون، کێشەی لەنێوان بانکەکان و خەڵک و وەزارەتی دارایی هەرێم دروست کردبوو، بۆیە گەڕانەوەیان بۆ متمانە زۆر گرنگ بوو".


جەختیشی کردەوە، ئەو پارەیە کە پارەی خەڵک واتا (وەدائیع) بوو، لە بانکەکانی هەولێر و سلێمانی، کاتی خۆی بەهۆی تەنگژەی دارایی لە لایەن حکوومەت خەرج کراوە.


عابد مزووری، بەڕێوەبەری گشتیی لقی هه‌ولێری بانکی ناوه‌ندیی عێراق رایگه‌یاند، مانگانه‌ له‌لایه‌ن حکوومەتی هه‌رێمی کوردستانەوە قەرزی بانکەکان بۆ بانکی ناوه‌ندی دەنێردرێت، وتیشی: "رێککەوتنێک لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکە ئەهلییەکان کراوە، ئەو پارانەی پێشووتر وەزارەتی دارایی لە بانکەکان خەرجی کردوون، لە رێگەی ئێمە بۆیان بگێڕینەوە، ئێستا پارەکە مانگانە لە حیسابی دارایی کەم دەکەینەوە و دەدرێتە بانکە ئەهلییەکان".


روونیشی کردەوە، ئەو پارەیە دەبێت بدرێتە ئەو کەسانەی، کەوا لە سەردەمی قەیرانی دارایی پارە و وەدائیعەکانیان خەرج کراوە، گوتیشی: "8 بەشە پارەی قەرزەکە دراوەتەوە، هێشتا بەشێکی تریش لە قەرزەکە ماوە و بەپێی رێککەوتنەکە مانگانە پارەکە دەدرێتەوە".