ده‌ستده‌كرێت به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی و نرخه‌كه‌ی زیاد كرا

02/11/2019 - 08:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌وه‌ پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وت به‌سه‌ر ماڵاندا له‌شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێبكات و گۆڕانكاریش له‌ نرخه‌كه‌یدا كراوه‌.

ساڵانه‌ به‌رنامه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی ماڵان له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م ده‌ستپێده‌كات و تاوه‌كو مانگی ئازار به‌رده‌وام ده‌بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مانگێك له‌ واده‌ی دابه‌شكردنه‌كه‌ی دواكه‌وتووه‌.

فرسه‌ت سۆفی پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند"ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌ستپێده‌كرێت به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر ماڵاندا بۆ هه‌ر خێزانێك یه‌ك به‌رمیل دابه‌شده‌كرێت".

تاوه‌كو ساڵی 2016 بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بڕی 40 هه‌زار دینار له‌ هاووڵاتیان وه‌رده‌گیرا به‌ڵام ئاری كاكه‌شین به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی نه‌وت و كانزاكان له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ده‌ڵێت: ئه‌مساڵ بۆ ناو شار به‌رمیلێك نه‌وت 50 هه‌زار دیناره‌ و بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاریش 51 هه‌زار دیناره‌.

ئاری كاكه‌شین، به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانای كڕینی نه‌وتی نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ساڵانه‌ چاوه‌ڕوانی حكومه‌تی عێڕاق ده‌كه‌ین بۆ ناردنی به‌شه‌ نه‌وتی ماڵان هه‌رچه‌نده‌ به‌شی پێویست نانێرێت.

ئاری كاكه‌شین، ده‌شڵێت:" بۆ دابه‌شكردنی به‌رمیلێك نه‌وت بۆ هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ نزیكه‌ی 400 ملیۆن لیتر نه‌وته‌ به‌جۆرێك ته‌نیا بۆ پارێزگای هه‌ولێر پێویستمان به‌ 100 ملیۆن لیتره‌‌و بۆ دهۆك و سلێمانی زیاتر له‌ 260 ملیۆن لیتر نه‌وت پێویسته‌، به‌ڵام ساڵانه‌ حكومه‌تی عێراق نیوه‌ی ئه‌و بڕه‌شمان بۆ دابین ناكات.