حكومەتی هەرێم بریاریدا مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە هەمیشەیی

06/11/2019 - 15:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەمڕۆچوار شەممە 6/11/2019 كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا بڕیاری بە هەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە پەسەندكرا.

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت بەڕێوەچوو، جگە لە پەسەندكردنی بڕیاری بە هەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست، تێیدا یەكهەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا و بابەتی پەیوەندیدار بە مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان تاوتوێكرا.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران تیشكی خستە سەر كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراق و لایەنە كوردستانییەكان كە تێیدا جەخت لەسەر یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان كرایەوە لە بەغدا و بەشدارانی كۆبوونەوەكە هاوڕابوون لەسەرئەوەی، نابێت مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە عێراق كەمبكرێنەوە.

بەپێی راگەیێندراوی كۆبوونەوەكە، ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆكردن دەربارەی بابەتی بە هەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە، بڕیاری بە هەمیشەییكردنی پەسەندكرد بە رەچاوكردنی ئەوەی ئەو مامۆستا گرێبەستانە ماوەی چەندین ساڵە لە بواری پەروەردەوە خزمەت دەكەن و پێداویستی بواری پەروەردەیان پڕ كردووەتەوە.

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو دەربارەی ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانی و راگیراوی سیاسی لە هەرێمی كوردستان. وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان راپۆرتێكی دەربارەی ئەو بابەتە خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی كردەوە لەسەر بەردەوامبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیش لە گفتوگۆدا دەبێت لەبارەی ئەو بابەتە.