هەولێر... دەست بەسەر دوو كۆگای دەرمانی ماوەبەسەرچوودا گیرا

07/11/2019 - 10:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

لە شاری ھەولێر دوو كۆگای پڕ لە دەرمان و پێداویستیی پزیشكی ھەن و ماوەیان بەسەر چووە، سەرۆكی لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێریش دەڵێت: ھەركەسێك ھۆكار بێت لە بەسەرچوونیان سزا دەدرێت.

 

سەرۆكی لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ڕایگەیاند: لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ماوەی دوو ڕۆژە خەریكی بەدواداچوونە لەسەر كەیسی دوو كۆگای پڕ دەرمان و پێداویستیی پزیشكی لە شاری ھەولێر، ئەو دوو كۆگایە سەر بە حكوومەتن و بڕێكی یەكجار زۆر دەرمان و پێداویستیی پزیشكییان تێدایە، كە ماوەیان بەسەر چووە.

 

ئەوەشی خستەڕوو: ماوەیەكی زۆر ئەو پێداویستییە پزیشكییانە لەنێو ھەردوو كۆگاكەدا ماونەتەوە و پێشتریش ھیچ لیژنەیەك ئامادە نەبووە لێكۆڵینەوە بكات و لەناویان ببات، چونكە جگە لەوەی سەرپێچییەكی گەورەیە، مەترسیی بۆ سەر ژیانی كارمەندان و ھاووڵاتییانیش پەیدا كردووە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە خەریكی كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونین، ھەركەسێك بووبێتە ھۆكاری بەسەرچوونی ئەو دەرمان و پێداویستییە پزیشكییانە، بەپێی یاسا سزا دەدرێت، لەبەر ئەوەی بەشێك لەو دەرمان و پێداویستییانە لە بەغداوە ھاوردە كراون و لە پارەی خەڵكی كوردستان كەم كراوەتەوە.