چاره‌نوسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ڕێم له‌ ساڵی داهاتوو ئاشكرا ده‌كرێت

09/11/2019 - 15:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

له‌ ئەگەری نه‌بوونی بودجه‌ی 2020 ی عێراق، ئەوا حكومەتی عێراق كار بە سیستمی (1 لەسەر 12)ی ساڵانە دەكات و مانگانەش هەمان ئەو پارەیەی ئێستا بۆ مووچە رەوانەی كوردستانی دەكات، لەدوای ساڵی نوێش بەردەوام دەبێت.

شیروان میرزا، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ئەگەر تا سەری ساڵی نوێ بودجەی ساڵی داهاتوو پەسەند نەكرێت ئەوا حكومەتی عێراق لەسەر سیستمی (1 لەسەر 12)ی ساڵانە كار دەكات كە ئەو سیستمە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، واتە ئەمساڵ مانگانە چۆن پارە لەبەغداوە بۆ مووچە هاتووە، بەهەمان شێوە هاتنی ئەو مووچەیە بەردەوام دەبێت و گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دروست نابێت.

بەوتەی میرزا كه‌ به‌دوارۆژی راگه‌یاندووه‌ پێشتر گفتوگۆ و نزیكبوونەوەی باش لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد هەبوو بۆ مەسەلەی بودجە، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە گرفت دروستبوو، بۆیە دەبێت چاوەڕوانی هێوربوونەوەی دۆخی عێراق بكرێت ئەو كاتەی باسی بودجە دەكرێت بزانن پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد دەگاتە كوێ.

 بەپێی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق تا رۆژی 31ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ حكومەتی عێراق مانگانە 544 ملیار دینار رەوانەی كوردستان دەكات بۆ مووچە، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو دەبێت رێككەوتنی نوێ بكەنەوە.

 پێشتریش بەرپرسانی هەرێمی كوردستان رایانگەیاندبوو ئامادەن رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی عێراق بكەن، بەو مەرجەی عێراقیش قەرزەكانی هەرێمی كوردستان بداتەوە كە بڕەكەی نزیكەی 26 ملیار دۆلارە.