واده‌ی كردنه‌وه‌ى رێگەى گه‌رمیان - سلێمانى ئاشكرا كرا

09/11/2019 - 17:07 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دواى داخستنى بۆ سێ رۆژ، بریاره‌ كاتژمێر پێنجى ئێواره‌ى ئه‌مرۆ رێگەى گه‌رمیان - سلێمانى بكرێته‌وه‌ كه‌ له‌ نزیك شارۆچكه‌ى ده‌ربه‌ندیخان داخراوە و هاتوچۆى بارهه‌ڵگریش به‌ یه‌كجارى قه‌ده‌غه‌كرا.

رێژه‌ن بورهان، به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى هاتوچۆى ده‌ربه‌ندیخان رايگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ وادانرابوو بۆ ئه‌مشه‌و رێگەى گه‌رمیان بۆ سلێمانى له‌ نزیك ده‌ربه‌ندیخان بكرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تیمه‌كه‌ زووتر ئیشه‌كانیان ته‌واو كرد، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ كاتژمێر پێنجى ئێواره‌ ده‌كرێته‌وه‌.

ناوبراو بۆ دواڕۆژ وتیشى: "بۆیه‌ رۆژێك كردنه‌وه‌كه‌ دواخراوه‌، چونكه‌ ئه‌و تیمه‌ى كاریان كردووه‌ پێیان باشبووه‌ لەناوچەی قەترە چەند گرد و تەپۆلکەیەکی کەنار شەقامەکە بڕوخێنن بە مەبەستی فراوانکردنی شەقامه‌كه‌".

به‌هۆى داخستنى رێگەى گه‌رمیان - سلێمانى، ماوه‌ى سێ رۆژه‌ ئاسته‌نگ بۆ هاتوچۆكردنى هاووڵاتیان دروستبووه‌، ناچارن رێگەى لاوه‌كى و دورتر به‌كاربهێنن و هاتوچۆى بارهه‌ڵگریش قه‌ده‌غه‌یه‌.