نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان چی به‌سه‌ردێت؟

09/11/2019 - 18:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و پێشبینییەکیش لەمبارەیەوە دەکرێت.

وەسفیە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند: "هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان پەیوەندیی بە بانكی ناوەندیی عێراقەوە هەیە‌، بەهۆی راگرتنی هاوسەنگیی نرخی دیناری عێراقی پێشتر بانكی ناوەندیی عێراق هەفتانە پارەیەکی زۆری جۆری دۆلاری بە نرخی داشكێندراو لە بازاڕەكاندا دەفرۆشت، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە ئەو فرۆشتنە چەند رۆژێك راگیرابوو“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بانکی ناوەندیی عێراق ”ناوێرێت“ پارەیەکی زۆر بۆ بازاڕ بنێرێت، ئەمەش وایکردووە کە ئەو هاوسەنگییە تێک بچێت کە لە نێوان دراوەکانی جۆری دۆلار و دیناردا هەیە، بۆیە کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان داناوە.

بە گوتەی ئەم پەرلەمانتارە، ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق رێکاری نوێ نەگرێتە بەر، دوور نییە نۆخی دۆلار بەرز ببێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە دەردەچن، لەم چەند ڕۆژەدا بانکی ناوەندی دەستی بە خستنەبازاڕی دراوی جۆری دۆلار کردووەتەوە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی خواست لەسەر ئەو جۆرە دراوە و بەرزنەبوونەوەی زیاتری نرخەکەی.

هەر لەمبارەیەوە ‌ سه‌ید عه‌بدوڵا کە خاوه‌نی ناوه‌ندێکی ئاڵوگۆڕی دراوە له‌ هه‌ولێر، بە باسنیوز ی ڕاگەیاند: "پێشبینی ده‌كرێت سبه‌ی یه‌كشممه‌ ١٠ی ١١ی ٢٠١٩، نرخی دۆلار دابه‌زێت، چونكه‌ له ‌به‌غداوه‌ بانکی ناوەندی دۆلاری فرۆشتووه‌ و رۆژی هه‌ینی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی به‌ ١٢١ هەزار و ٧٥٠ دینار بووه‌، بەڵام پێشبینی ده‌كرێت نرخەکە بۆ ١٢٠ هه‌زار دینار دابەزێت".