ژمارەیەك پارێزەری هەولێر پشتگیری دادوەرە مانگرتووەكانی گەرمیان دەكەن

10/11/2019 - 09:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ژمارەیەك پارێزەری هەولێر و بادینان راگەیەندراوێك بۆ رای گشتی بڵاوكردەوەو ڕایانگەیاند: سەبارەت بە مانگرتنی كۆمەڵێك لە دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی لە سنووری گەرمیان ماوەی چەند رۆژێكە لەسەر دەستوەردانی حزبی و سەربەخۆ بوونی دادگاكان مانیان گرتووە، ئێمە وەك كۆمەڵێك لە پارێزەران پاڵپشتی خۆمان رادەگەیەنین و پشتگیری ھەڵوێستەكانیان دەكەین.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

بۆ رای گشتی ..

 

سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەری و لەیەك جیاكردنەوەی ھەر سێ دەسەڵاتەكە بنەمای بنیاتنانی دەوڵەتی مۆدێرن و پێشكەوتنی دیموكراسییە لە جیھان. سەبارەت بە مانگرتنی كۆمەڵێك لە دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی بەڕێز لە سنووری گەرمیان ماوەی چەند رۆژێكە لەسەر دەستوەردانی حزبی و سەربەخۆ بوونی دادگاكان مانیان گرتووە، ئێمە وەك كۆمەڵێك لە پارێزەران پاڵپشتی خۆمان رادەگەیەنین و پشتگیری ھەڵوێستەكانیان دەكەین،داواكارین ئەنجومەنی دادوەری لەبری سزادان بەدواداچوونی جدی بكات بۆ كێشەكە و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە چونكە لە كوردستان خەریكە سەربەخۆ بوونی دادگاكان بەرەو مەترسی دەڕوات، وەك دیارە بە سیستەم دەسەڵاتی دادوەری خراوەتە ژێر كاریگەری دەسەڵاتی جێبەجێكردن، لەوێشەوە بۆ ژێر كاریگەری حیزبی .
ناكرێت ھەر كاتێك دادوەرێك یان ئەندامێكی داواكاری گشتی ھەڵوێستێكیان ھەبێت بۆ چاكسازی دەست بەجێ سزا بدرێن لەبری پاڵپشتی كردن .وەك لە ڕابردوش نمونەی هاوشێوەی سزادانی دادوەران و بە زۆر گواستنەوەیان زۆرن بۆیە ئێمە ئەو پارێزەرانەی لە خوارەوە ناومان ھاتووە دوپاتی پشتگیری خۆمان دەكەینەوە بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و بەهێز كردنی ڕۆڵی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پشتیوانی لە دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی بەڕێز . و ھیوادارین بە زووترین كات كێشەكانیان چارەسەر بكرێت و بەكۆتا بێت ..

 

 

كۆمەڵەك لە پارێزەرانی هەولێر و بادینان