بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی هەرێم نزیك دەبێتەوە لە 500 هەزار بەرمیل

11/11/2019 - 09:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 


ناوەندی رووپێوی ئابووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Mees)ڕایدەگەیەنێت: لەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 75 هەزار بەرمیل زیادی كردووە و نزیكبووەتەوە لە نیو ملیۆن بەرمیل.



ناوەندی رووپێوی ئابووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Mees) ئامارێكی لەسەر نەوتی هەرێم بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند: ساڵی داهاتوو هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئاستی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت تێپەڕێنێ، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە كۆمپانیا نەوتییەكان وەبەرهێنانەكانیان لە هەرێمی كوردستان زیاد كردووە، ئەوەش لە هەڵكۆڵینی بیری نەوتی نوێ رەنگی داوەتەوە و كۆی بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستانی بەرز كردووەتەوە.




ئەوەشی خستەڕوو: تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بگاتە رۆژانە 490 هەزار بەرمیل و لە سەرەتای ساڵی داهاتووشدا ئەو بڕە بگاتە رۆژانە 500 هەزار بەرمیل.




ئاماژەی بەوەشكرد: نەوتی هەرێمی كوردستان ئێستا زیاتر لە 10%ی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق پێكدەهێنێت كە رۆژانە 4.62 ملیۆن بەرمیل نەوتە و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چەندین كێڵگەی نەوتی، بەتایبەتی لە كێڵگەی خۆرمەڵە، بووەتە هۆكاری بەرزبوونەوەی تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان.



لە ئەنجامی هەڵكۆڵینی 13 بیری نوێ لە كێڵگەی خورمەڵە لەلایەن كۆمپانیای كار گرووپەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگەكە لە رۆژانە 130 هەزار بەرمیلەوە زیادی كردووە بۆ رۆژانە 170 هەزار بەرمیل.



لە ساڵی 2015 دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی تەقتەق رۆژانە 116 هەزار بەرمیل بوو، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ خوار 11 هەزار بەرمیل كە كەمترە لە 10%ی ساڵی 2015.



هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی تاوكێ لە ساڵی 2015 دا رۆژانە 135 هەزار بەرمیل بووە كە ئێستا دابەزیوە بۆ رۆژانە 83 هەزار بەرمیل. دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو كێڵگە گەورەیە لەڕێگەی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی نوێی پێشخابوور قەرەبوو كراوەتەوە. ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگە پێشخابوور بەرزبووەتەوە بۆ رۆژانە 52 هەزار بەرمیل.



جگە لە كێڵگەی خورمەڵە و پێشخاپوور، چەندین كێڵگەی دیكە هۆكاری بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستانن. كۆمپانیای تاقە لە كێڵگەی ئەترۆش دوای دامەزراندنی كەرەستە نوێیەكانی بەرهەمهێنانی نەوت بە توانای رۆژانە 10 هەزار بەرمیل، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە 22 هەزار بەرمیلەوە بەرزكردووەتەوە بۆ رۆژانە نزیكەی 50 هەزار بەرمیل. تاقە و هاوبەشەكانی پلانیان هەیە بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەترۆش لە ساڵی 2021 دا زیاد بكەن بۆ رۆژانە 80 هەزار بەرمیل.

 


هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی شێخان لەلایەن كۆمپانیای گۆڵف كیستۆنەوە لە رۆژانە 31 هەزار بەرمیلەوە لە ساڵی رابردوو، بەرزكراوەتەوە بۆ رۆژانە 40 هەزار بەرمیل.



لەگەڵ ئەوەشدا لە بلۆكی هەولێر كە لەلایەن كۆمپانیای ئۆرێكس بەڕێوەدەبرێت و كێڵگەی گەرمیانیش كە لەلایەن كۆمپانیای گازپرۆم بەڕێوەدەبرێت، ئاستی بەرهەمهێنان لەمساڵدا زیادی كردووە.



ناوەندی میس پێشبینی دەكات گەورەترین بەرزبوونەوەكان لە ساڵی 2020 لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی گەرمیان، هەولێر و كێڵگەی سەرسەنگ رووبدەن كە لەلایەن كۆمپانیای HKN ی ئەمریكی بەڕێوەدەبرێت. ناوەندەكە دەڵێت نابێت پێنج كێڵگەكەی كۆمپانیای رۆسنەفتیش لەبەرچاو نەگیرێن بەو پێیەی كۆمپانیاكە بڕیاری داوە لە ساڵی داهاتووەوە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بكات.