پەرلەمانتارێك: پارێزگای هەڵەبجە پارێزگایەكی لەبیركراوە

13/11/2019 - 10:20 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: پارێزگای هەڵەبجە پارێزگایەكی لەبیركراوە و سەرۆكی حكومەت لەگەڵ ئەنجومەنی سێ پارێزگا دادەنیشێت ناڵێت ئەی پارێزگای چوارەم كوا.

 


سەرچنار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە كوردیوی ڕایگەیاند: لەم هەرێم و مەملەكەتەی ئێمەدا دەبێت ڕۆژانە توشی سەرسوڕمان بیت لە كاری حكومەت و پەڕلەمان، بەڕاست سەرۆكی حكومەت نازانێت هەڵەبجەش پارێزگایە وەك هەولێرو دهۆك و سلێمانی و چوارساڵە یاسای بەپارێزگابوونی بۆ دەرچووە و دەبێت خاوەنی ئەنجومەنی پارێزگای خۆی بێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو: بەڕاست سەرۆكی حكومەت لەگەڵ ئەنجومەنی سێ پارێزگا دادەنیشێت ناڵێت ئەی پارێزگای چوارەم كوا ؟!، خۆ لە16-3 دا هەموو خەكی كوردستان دەبێت بە هەڵەبجەیی، باشە ئەم پەرلەمان و حكومەتە كە نەیانتوانی لەئاست پێداویستی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا بن بۆ كردیان؟؟.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: موزایەدەی حزبی و بەرژەوەندی تەسكی حزبی ڕۆژانە گاڵتە بە عەقڵی ئەم شارە دەكات و بەداخەوە بۆیان دەچێتەسەرو لێشیان قبوڵ دەكرێ، هەڵەبجە بۆیە كەوتە بەر هێرشی كیمیاوی لەبەرئەوەی سەری بۆ بەعس نەوی نەكرد، ئەوەش پاداشتی حكومەتە كوردییەكەیەتی، ئەمە حكومەت بەلایەك ئەی پەڕلەمان تۆ بۆ ڕێزی یاسایەك ناگریت كە خۆت دەرت چواندووە؟؟ تۆ كە باڵاترین دەزگای تەشریعی و یاسادانان و چاودێریت بۆ بەدواداچوون ناكەیت؟؟.

 

ئەوەشی خستەڕوو: دەردی موزایەدەو بەرژەوەندی تەسكی حزبی تۆیشی لەپەل و پۆ خستووە، هەر بۆ زانیاری خەڵكی هەهڵەبجە و سەرجەم كوردستان ئەم بابەتە من زۆر بەدواداچوونم بۆكرد دواجار لە 18-9-2019 بیرۆكەیەكی 5 لاپەڕەیم پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد بۆ ئەوەی لەهۆڵی پەڕلەمان بیخوێنمەوە لەسەر باەبتی كێشەی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام تا ئێستاش دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان وەڵامی فەرمی بیرۆكەكەی ئێمەیان نەداوەتەوە ئەم پرسە پرسێكی سیاسیە بۆیە ناتوانن بیخەنە بەرنامەی كار!!