پۆلیس هاوڵاتییەكی بە تۆمەتی كاری نایاسایی دەستگیر كرد

13/11/2019 - 10:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بە تۆمەتی بڕینی داری سروشتی، هاووڵاتییەك دەستگیر كرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بە ئامانجی چاودێریكردن و پاراستنی سروشت و ژینگە و ڕێگەگرتن لە سەرپێچیكاران، مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی دارستانی بەرزنجە سەردانی گوندی (مایاوا)ی سەر بە ناحیەی بەرزنجەیان كرد و لە ئەنجامدا توانیان تۆمەتبارێك دەستگیربكەن كە هەستابوو بە بڕینی داری سروشتی.

ڕاشیدەگەیەنێت، هێزەكانی پۆلیس توانیان دەستبگرن بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە داری بڕاوەو مشارێكی دار بڕینەوە، پاشان تۆمەتبارەكە ڕووبەڕووی یاسا كرایەوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە و ڕادەستی دادوەر كراوە بۆ وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی.