نهێنیەك لەسەر دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست ئاشكرادەكرێت

14/11/2019 - 11:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: من وای دەبینم بابەتی دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست ووردبینی نییە لە داتاو زانیاری و جۆری فەرمانبەرانی گرێبەست كە هەمووی لای حكومەتە، بەڵكو بابەتەكە منافسەی دەسكەوتە كە كێ ئازابێت و بیبات بۆخۆی، حكومەت یان پەرلەمان .

 

هیوادارین لە موزایەده و كێبڕكێی نێوان حكومەت پەرلەمان فەرمانبەرانی گرێبەست سوودمەندبن.

 

سەرچنار ئەحمەد بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردیوی ڕاگەیاند: یەكێك لە بڕگەكانی بەرنامەی كاری دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم بوو بۆ پێشنیازی بڕیاری (دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەهەرێمی كوردستان ) ئەوەی جێگای سەرسوڕمان بوو ئەو پێشنیازی بڕیارە لەبەرئەوەی ڕەهەندی دارایی هەبوو پێشتر نێردرابوو بۆ حكومەت و حكومەتیش وەڵامی پەڕلەمانی دابوویەوە كە بارگرانی دارایی بۆ دروست ناكات.

 

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: بەڵام جارێكی تر حكومەت داوای پێشنیازە بڕیارەكەی كردەوە لە پەرلەمان بەبیانووی ڕونكردنەوەی زیاتر و وردبینی كردن لە داتاو زانیاری و ..هتد.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەندامانی پەڕلەمان بڕیاریدا بەناردنەوەی پێشنیازە بڕیارەكە بۆ حكومەت كە ئەمەش پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆیەو لەهیچ دەقێكی پەیڕەوی ناوخۆدا نەهاتووە دوای ڕەزامەندی حكومەت لەسەر پێشنیازی بڕیارێك جارێكی تر بۆی بگەڕێنرێتەوە .

 

ووتیشی: سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریدا تا دوو هەفتە لیژنەی تایبەتمەند بوەستێت لە نوسینی ڕاپۆرت لەسەر پێشنیازە بڕیارەكە و لەو دوو هەفتەدا دەبێت حكومەت وەڵامی پەڕلەمان بداتەوە ئەگەرنا پەڕلەمان دەست بەكارەكانی خۆی دەكات لەسەر پێشنیازی بڕیارەكە.

 

سەرچنار ئەحمەد دەشڵێت: من دەڵێم باشە ئەگەر حكومەت ووردبینی تەواوی لەسەر پێشنیازە بڕیارەكە نەكردووە و زانیاری و داتای تەواوی لەبەردەستدا نەبووە چۆن ڕەزامەندی لەسەرداوە بەوەی كە بارگرانی دارایی بۆ دروست ناكات؟؟، من وای دەبینم كەبابەتەكە ووردبینی نییە لە داتاو زانیاری و جۆری فەرمانبەرانی گرێبەست كە هەمووی لای حكومەتە بەڵكو بابەتەكە منافسەی دەسكەوتە كە كێ ئازابێت و بیبات بۆخۆی، حكومەت یان پەرلەمان .

 

ئەوەشی خستەڕوو: هیوادارین لەم مزایدە و منافسەیەدا فەرمانبەرانی گرێبەست ببنە سودمەندی یەكەم و پێش كۆتایی ئەم دوو هەفتە سەرجەمیان بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەربچێت و جگە لەوەش منافسەكە ئەوەندە گەورە بێت سەرجەم وانەبێژو خۆبەخشەكانیش بگرێتەوە ئیتر ئایا پەڕلەمان بیباتەوە یان حكومەت بەلای ئێمەوە گرنگ نییە، بەڵكو گرنگ كارو خزمەتە بەكەسانی شایستە و مستحق و ماف خوراوی ئەم هەرێمە.


logo

Copyright © 2019 KURDIU. All Rights Reserved