15 ژن و پیاو کوژراون

16/11/2019 - 14:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا 15 ژن و پیاو به‌هۆکارى جیاواز كوژراون و 20 حاڵه‌تى دیكه‌ی پێشێلكارى مافه‌كانى مرۆڤ تۆمار كراوه‌.

رێكخراوى هه‌نگاو له‌ راپۆرتێكدا رایگه‌یاندووه‌: له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا 35 حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە پارێزگاكانى خۆرهه‌ڵاتى کوردستان تۆمار کراون.

به‌پێى راپۆرته‌كه‌: له‌و ماوه‌یه‌دا دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و پیرانشار کوژراون و  نۆ کۆڵبەرى دیكه‌ش لە سنوورەکانی سەردەشت، پیرانشار، سەوڵاوا و مەریوان بریندار بوون، هه‌روه‌ها دوو هاووڵاتی خەڵکی ئورمیە و ئەیوانی خۆرئاوا لە بەندیخانەکانی ئورمیە و ئیلام بەتۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لەسێدارە دراون، بەندکراوێکیش لە بەندیخانەی ئورمیە بەهۆی کەمتەرخەمی بەرپرسان و درەنگ گەیاندنی بە نه‌خۆشخانه‌  گیانی لە دەستداوە.

بەپێى راپۆرتى رێكخراوه‌كه‌: نۆ هاووڵاتی کورد لەلایەن ده‌زگا ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە  بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون و  سەرجەم حوکمی 13 ساڵ و 8 مانگ بەندکردنیان بە سەردا سەپێندراوە.

له‌باره‌ى كوشتن و خۆكوشتنى ژنان له‌ پارێزگاكانى خۆرهه‌ڵاتى كوردستان، رێكخراوى هه‌نگاو بڵاویكردووەته‌وه‌: چوار ژن له‌ پارێزگاكانى ئورمییه‌، پیرانشار و مه‌هاباد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و سێ ژنى دیكه‌ش بە دەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون.

له‌ كۆتایى راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: لەو ماوەیەدا پێنج کرێکاری کورد لەکاتی کار و بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لە دەستداوە كه‌ یەکێکیان لە شاری هەولێر گیانی له‌ده‌ستداوه‌.