نرخی تێچوونی لۆگۆی تەكسی ئاشكرا كرا

17/11/2019 - 15:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێكخستنی كاری تەكسی لە هەرێم، بڕیار درا تەكسی ناوخۆی هەر پارێزگایەك و تەكسی نێوان پارێزگاكان ڕەنگێكی جیاوازی لێبدرێت و بەپێی زانیارییەكانیش، سبەینێ دەست بە ڕاییكردنی مامەڵەی شۆفێرانی تەكسی دەكرێت بۆ ئەو مەبەستە.

سدیق محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەو گەیاندنی سلێمانی ڕایگەیاند، لە سبەینێ دوو شەممە 18-11-2019 وە شۆفێران دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بكەن و دەست بكەن بە ڕاییكردنی مامەڵەكانیان بەمەبەستی پێدانی لەزگە و لۆگۆی تەكسییەكانیان.
سەبارەت بە نرخی لۆگە و لەزگەكە، ناوبراو ئاشكرایكرد، نرخی لۆگۆ و لەزگە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی تەكسی بریتییە لە 18 هەزار و 750 دینار.

كاكەزیاد حەمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە لەبارەی ئاڕم و لۆگۆی تەكسی بە(خەڵك)ی ڕایگەیاند، دوای وەرگرتنی فۆڕمەكە پێویستە شۆفێری تەكسی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ و ئاسایشی گەڕەك و پۆلیسی بەڵگەو تاوان دەكەن، بۆ ئەوەی بزانرێت كێشەی یاسایی یان تۆمەتێكی لەسەر نەبێت، دواتریش بزانرێت لەلیستی مووچەخۆران ناوی نەبێت، فۆڕمەكەش ساختەناكرێت و پەنجەمۆرەكەش ڕاستەوخۆ لەگەڵ داتای بایۆمەتری مووچەخۆران بەستراوەتەوە.

وتیشی”دوای تەواوبوونی ئیجرائاتەكان، فۆڕمەكە دەبردرێتەوە هاتووچۆ كە ئۆتۆمبێلەكە غەرامەی لەسەر نەبێت و ساڵنامەی تەكسیەكەش بەناوی خۆی بێت، لەكۆتاییدا سەردانی كۆمپانیاكان دەكەن بۆ بەستنی لۆگۆ و ئاڕم و شریت و كارتی زانیاری پێدەدرێت و پڕۆسەكەش تاكو شەش مانگ بەردەوام دەبێت.