تایبه‌ت به‌ موچه‌ و بودجه‌ داوای روونكردنه‌وه‌ له‌ وه‌زیری دارایی ده‌كرێت

17/11/2019 - 16:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وه‌زیرى دارایى و ئابوورى بانگهێشتی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ى روونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ى دۆخى ئابووریى هه‌رێم و پاشه‌كه‌وتكردنى مووچه‌ى سێ مانگى كۆتایى ئه‌مساڵ به‌ لیژنه‌كه‌ بدات.

محه‌مه‌د ئیلخانلى، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى و ئابووریى په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند"بۆئه‌وه‌ى بزانین دۆخى ئابووریى هه‌رێم چۆنه ‌و ئاماده‌كارییه‌كان چین و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تیى نادرنى ره‌شنووسى بودجه‌ى 2020ى هه‌رێم بۆ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ڕه‌سمى داواى بانگهێشتكردنى ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى و ئابوورى هه‌رێم بۆ لیژنه‌ى دارایى، كراوه"‌.

وتیشى:"ده‌مانه‌وێت بزانین حكومه‌تى هه‌رێم چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مووچه‌ى سێ مانگى كۆتایى ئه‌مساڵ ده‌كات؟ هه‌رچه‌نده‌ به‌ تێڕوانینى ئێمه‌ زه‌حمه‌ته‌ مووچه‌ى سێ مانگ بدرێت ته‌نیا له‌ حاڵه‌تى ناردن و زیادكردنى ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌بێت كه‌ مانگانه‌ به‌غدا بۆ هه‌رێمى ده‌نێرێت، دیسانه‌وه‌ زیادكردنى ئه‌و پاره‌یه‌ زه‌حمه‌ته‌".