ئاگاداریه‌ك له‌وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ بۆ شوفێرانی ته‌كسی

18/11/2019 - 10:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گواستنه‌وه‌، رایده‌گه‌یه‌نێت"پرۆژه‌ی لێدانی لۆگۆ و ره‌نگی تایبه‌ت به‌ تا‌كسیی شاره‌كان كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و له‌ ئه‌مرۆوه‌ شۆفێرانی ته‌كسی ده‌توانن فۆرمی تایبه‌ت وه‌ربگرن".

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌لاح جه‌وهه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گواستنه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی:"پرۆژه‌ی لێدانی لۆگۆ و ره‌نگی تایبه‌تی تا‌كسیی شاره‌كان، پرۆژه‌یه‌كی گشتییه‌ بۆ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ له‌ قۆناغی كۆتایین بۆ ئاماده‌كاریی ئه‌و پرۆژه‌یه‌، ئاگاداری شۆفێران ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گواستنه‌وه‌ی پارێزگاكان بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی فۆرمی تایبه‌ت و ده‌ستكردن به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژەکە".

ناوبراو وتیشی:"رۆژی 17-11-2019 ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كه‌وته‌ بواری جێبێكردنه‌وه‌، فۆرمی تایبه‌ت ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌كان ده‌كه‌ین و شۆفێران له‌ رۆژی 18-11-2019وه‌ ده‌توانن ئه‌و فۆرمه‌ وه‌ربگرن" .

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه‌:"ئه‌و فۆرمه‌ ده‌چێته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتوچۆ، له‌ فلته‌ری بایۆمه‌تری ناوی چێك ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌رچوو ده‌چێته‌ ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و پۆلیسی به‌ڵگه‌ی تاوان، ئه‌گه‌ر پێشینه‌ی تاوانی نه‌بوو، ئه‌گه‌ر ئەستۆپاكیی هه‌بوو و ده‌ركه‌وت پێشینه‌ی تاوانی نییه،‌ ئه‌وا لۆگۆی تایبه‌تی پێده‌درێت" .