د.جەمال كۆچەر: داواكارییەكانی كورد لە بودجەدا هەمووی جێبەجێ ناكرێت

19/11/2019 - 14:13 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت: تا ئێستا هەرێم و بەغدا لەسەر بەشی هەرێم لە بودجەی 2020 نەگەیشتوونەتە رێكەوتن، دەشڵێت: زۆر زەحمەتە داواكارییەكانی كورد لە بودجەدا هەمووی جێبەجێبكرێت.

 

د.جەمال كوچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق : لە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا دانوستان لە سەر بەشەی هەرێم لە بودجەی عیراقی كراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ رێككەوتنێكی لەسەر نەكراوە.

 

وتیشی: بە هۆی خۆپیشاندانەكانەوە حكومەتی عێراقی كۆمەڵێك بەڵێنی داوە كە هەمووی رەهەندی دارایی هەیە و دەبنە بارگرانی بەسەر بودجەی گشتی دا.

 

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەوەشی خستەڕوو: زۆر زەحمەتە داواكارییەكانی كورد لە بودجەدا هەمووی جێبەجێبكرێت.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: كورد داوای كردووە لە بودجەی سالی داهاتوودا رێژەی هەرێم لە سەدا 12.7 بكرێتە لەسەدا 17، هەروەها شایستە داراییەكانی كومپانیاكانی دەرهێنانی نەوت لە هەرێم بدرێ بەرامبەر رادەستكردنی 25 هەزار بەرمیل نەفت.

 

د.جەمال كوچەر راشیگەیاند: ئەگەر ئێستا بودجە بشنێردرێتە پەرلەمان، تەنها رەشنووس دەبێت و لە پەرلەمان دووبارە دانوستانی لە سەر دەكرێت و گوڕانكاری پپَویستی لەسەر دەكرێت و جارێكی تر بۆ حكومەت دەنێردرێت.