دارایى له‌باره‌ى موچه‌وه‌ مژده‌یه‌ك به‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌دات

19/11/2019 - 15:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وه‌زیرى دارایى و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاندووه‌ ، دابه‌شكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ بێ دواكه‌وتن به‌رده‌وام ده‌بێت .


ئاواتى شێخ جه‌باب وه‌زیرى دارایى و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند :" ئه‌و هه‌واڵانه‌ى باس له‌ پاشه‌كه‌وتكردنى موچه‌ى مانگه‌كانى (10 و 11 و 12) ده‌كه‌ن وورد نین " ، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ " موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌ ماوه‌ى هه‌موو (30) رۆژێك له‌ كاتى دیاریكراوى خۆى دابه‌شده‌كرێت ، به‌ بێ هیچ دواكه‌وتنێك و به‌ هه‌مان شێوه‌ى پێشوو به‌رده‌وام ده‌بێت " .


وه‌زیرى دارایى ووتیشى :" پاشه‌كه‌وت هیچ گۆڕانكارییه‌كى به‌سه‌ر نه‌هاتووه‌ " ، باسى له‌وه‌شكرد " هه‌ر له‌وه‌ته‌ى پۆسته‌كه‌ى وه‌رگرتووه‌ ، موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان دوانه‌كه‌وتووه‌ و ، له‌ كاتى دیاریكراوى خۆیشى دابه‌شكراوه‌ " .


دووپاتیشیكرده‌وه‌ " هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران ده‌بێت ئاگاداربن ، هه‌موو بڕیار و رێنماییه‌ك له‌ لایه‌ن به‌شى راگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى به‌ شێوه‌یه‌كى شه‌فاف بڵاوده‌كرێته‌وه‌ " .