به‌غدا پاره‌ی نه‌ناردووه‌ و ته‌نها یه‌ك وه‌زاره‌ت ئه‌مڕۆ موچه‌ وه‌رده‌گرێت

20/11/2019 - 08:54 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بڕیار بوو ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ ، چوار وه‌زاره‌ت و چه‌ند ده‌سته‌یه‌ك موچه‌ی مانگی ئابی ئه‌مساڵ وه‌بگرن ، به‌ڵام چونكه‌ به‌غداد پاره‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌ناردووه‌ ، ئه‌مڕۆ ته‌نها موچه‌ی فه‌رمانبه‌رنی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان دابه‌ش ده‌كرێت .

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان پشت به‌ به‌غداد ده‌به‌ستێت و ، تاكو ئێستاش به‌غداد پاره‌ی ئه‌م مانگه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی نه‌ناردووه‌ ، بۆیه‌ سستی له‌ دابه‌شكردنی موچه‌ دروست ده‌بێت .

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی رایگه‌یاندووه‌ ، ئه‌مڕۆ ته‌نها موچه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان دابه‌ش ده‌كرێت ، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ ، "بۆ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ تاكو ئێستا دیارینه‌كراوه‌ ئایا هیچ وه‌زاره‌تێك موچه‌ وه‌رده‌گرێت یاخود ده‌كه‌وێته‌ رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ی داهاتووه‌وه‌ " .

جێگه‌ی باسه‌ دوێنێ خشته‌یه‌ك بڵاوكرایه‌وه‌ ، به‌ پێی خشته‌كه‌ش بڕیاربوو ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌

وه‌زاره‌تی ناوخۆ و خوێندنی باڵا و ئه‌وقاف و ، هێزه‌كانی زێره‌ڤانی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و سامانه‌ سروشتییه‌كان و ده‌زگای گشتی ئاسایش و هێزی به‌رگری فریاكه‌وتن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ره‌گه‌زنامه‌ و پۆلیسی نه‌وت و گاز ، موچه‌كانیان وه‌ربگرن .