له‌ ئاوی ماڵانی ئه‌م شاره‌ی هه‌رێم كرم دۆزرایه‌وه‌

20/11/2019 - 10:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئاوی خواردنەوەی شارۆچکەی دەربەندیخان ماوەی چەند ساڵێکە ناڕەزاییەکی زۆری لای دانیشتوانی ئەو شارە دروستکردوە، هاوڵاتیەکی ئەو شارۆچکەیەش دەڵێت، ماوەی دەساڵە لەو ئاوە ناخۆینەوە یان ئاو دەکڕم یان لە ئاوی بیر دەهێنین. 

ڕۆژگار محەمەد بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی دەربەندیخان لەلێدوانێکدا  ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە هەندێ لە ماڵەکاندا لەکاتی بەردانەوەی ئاوی ماڵاندا جۆرێک کرمی زیندوو لەناو ئاوەکەدا بینراوە. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئێمە لەبەدواداچونی خۆمان بەردەوامین هەندێک لە ماڵەکان دەڵێن لەناو تەنکی ئاوەکانیاندا بینیویانە و هەندێکیش باس لەوەدەکەن کە لەکاتی بەردانەوەی ئاودا ئەو کرمانە لەناو ئاوەکەدا بینراون. 

دانیشتوانی شارۆچکەی دەربەندیخان ماوەی چەند ساڵێکە ناڕازین لە ئاوی خواردنەوەی شارەکە و تائێستاش چەندین جار خۆپیشاندان و ناڕەزاییان دەربڕیوە و حکومەتیش بەڵێنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی پێداون. 

سەباح فەتاح هاوڵاتیەکی شارۆچکەکە بە "زەمەن"ی ڕاگەیاند، ئەو ئاوەی بۆ ماڵان بەردەدرێتەوە تەنانەت بەکەڵکی دەست شتنیش نایەت نەک ئەوەی بۆ خواردنەوە و چێشتلێنان بەکاربهێنرێت، وتیشی من وەک خۆم نزیکەی ١٠ ساڵە ئەو ئاوە بەکارناهێنم بۆ خواردنەوە و لەماڵەوەش بۆ چێشتلێنان بەکاریناهێنین.