دوو تاوانبار به‌ پێی مادده‌ی240 ده‌ستگیركران

20/11/2019 - 12:37 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دو کەسیان بە تۆمەتی ساغکردنەوەی سیمکارتی بێ سەرەتا کە ناسراوە بە (علوج) دەستگیرکردوە و بە گوێرەی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندوە، "پاش بەدواداچون‌و کۆکردنەوەی‌ زانیاری‌ لەسەر دو تۆمەتبار بەناوەکانی‌ (ب، س، م) لەدایکبوی‌‌ 1989 و (د، ئـ، ک) لەدایکبوی‌‌ 1985 كه‌ دانیشتوی‌ شاری‌ سلێمانین ‌و خه‌ریكی‌ كرین‌ و فرۆشتنی‌ سیمكارتی‌ بێ سه‌ره‌تا بون كه‌ به‌(علوج) ناسراوه دوێنێ له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنکەی‌ پۆلیسی‌ سەرچنارەوە دەستگیرکران".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو دو تۆمەتبارە زیاتر لە 150 سیمکارتی‌ ئاسیاسێڵی‌ بێ سەرەتایان لەشاری‌ هەلێرەوە بۆ شاری‌ سلێمانی‌ هێنابو، بەمەبەستی‌ ساخکردنەوەی‌ لەبازارەکانی‌ شاری‌ سلێمانیدا.

پۆلیسی سلێمانی رونیکردەوە، لەئێستادا هەردو تۆمەتبار بەبڕیاری‌ دادوەر و بەپێی‌ ماددەی‌ 240 لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراون‌و لەلایەن بنکەی‌ پۆلیسی‌ سەرچنارەوە پەڕاوی‌ لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.