نێچیرڤان بارزانی: ئاماده‌ین هاوكاری به‌غدا بكه‌ین

20/11/2019 - 12:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی له‌ عێراق رووده‌دات ده‌رئه‌نجامی كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی رابوردوو و پشتگوێخستنی ده‌ستوره‌، بۆیه‌ كه‌ سه‌ردانی به‌غدامان كرد ئاماده‌یی هاوكاری هه‌رێمی كوردستانمان پێڕاگه‌یاندن.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ دهۆك پێشكه‌شی كرد، وتی "ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ عێراق رووده‌دات، هۆكاره‌كه‌ی كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی چه‌ند ساڵی رابوردوو و پشتگوێخستنی ده‌ستوره‌".

وتیشی "ده‌بێت گرنگی به‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بدرێت و داواكاری خۆپیشانده‌ران پشتگوێ نه‌خرێت و وه‌ڵامی جدییان بدرێته‌وه‌".

له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابوردووی بۆ به‌غدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: كه‌ سه‌ردانی به‌غدایان كردووه‌، ئاماده‌یی هه‌موو هاوكارییه‌كی هه‌رێمی كوردستانیان بۆ عێراق نیشانداوه‌، وتی "سه‌قامگیری عێراق گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی هه‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان".

ده‌ڵێت "به‌ به‌غدامان راگه‌یاند كه‌ ده‌بێت هه‌ردوولا چاره‌سه‌ری دۆخی عێراق بكه‌ین و داواكاری خۆپیشانده‌ران به‌ جددی و گرنگ بزانین، چونكه‌ گه‌لانی عێراق و كوردستان شایه‌نی ژیانێكی شایسته‌ن".

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتیشی" وه‌ك هه‌رێمی كوردستان برایانمان له‌ عێراق دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ی هه‌موو یارمه‌تیی و هاوكاریه‌كین".

له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی داعش، بارزانی وتی "شه‌ڕی داعش كۆتایی نه‌هاتووه‌و ئێستاش مه‌ترسین بۆ سه‌ر عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان و ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م پرسه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرێت".