لاهور شێخ جەنگی: "چیتر یەکێتی بەرگەی ئەوە ناگرێ"

20/11/2019 - 13:43 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لاهور شێخ جەنگی رایدەگەیەنێت، هەموو یەکیتییەکان لە ئەندامێکی سادەوە تا بەرزترین پلە لەوە تێگەویشتوون چیتر یەکێتی بەرگەی ئەوە ناگرێ ئیشەکانی بە پینەوپەڕۆ بەڕێبکات.

لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری، لە چاوپێکەوتنیکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاژانس رایگه‌یاند: لە دوای کۆنگرە، یەكێتیی حزبی كاری هاوبەشی ڕێكخراو دەبێت لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكاندا، ڕێ لە لێكترازانی ناوماڵی كوردستان دەگرێت، لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەت، ڕێ بە سیاسەتی ناحەكیمانەی هیچ لایەنێك نادات، خۆی لە كاریگەریی سیاسەتی هەڵە دەپارێزێت و ئەزموونی هەرێمی كوردستان بە دۆستایەتی و ئاشتەوایی و خزمەتی هاوبەش بەرەوپێش دەبات و كوردستانیبوونی كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان بە هەر نرخ و قوربانیدانێك بێت، دەستەبەر دەكات.

لە بارەی هەوڵی دواخستنی کۆنگرەوە لاهور شێخ جەنگی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات: باوەڕ ناكەم هیچ كەسێك یاخود ئیرادەیەك هەبێت بتوانێت ڕێگری لەم كۆنگرەیە بكات؛ ئەگەر خوانەخواستە شتێكی نەخوازراو ڕوو نەدات و باوەڕ ناكەم ئیرادەیەك یان بەرنامەیەك هەبێت ڕێگری بكات لە كۆنگرەی نوێبوونەوەی یەكێتیی، چونكە هەموو یەكێتییەكان لە ئەندامێكی سادەوە تا مەكتەب سیاسییەك و سەروتر، لەوە تێگەیشتوون، كە یەكێتیی چیتر بەرگەی ئەوە ناگرێت ئیشوكارەكانی بە پینەوپەڕۆ ڕۆژانە بەڕێ بكات.

ناوبراو ده‌شڵێت : پێم باشە لەم كۆنگرەیە لێكتێگەیشتن هەبێت، بەڵام من بە هەموو شێوەیەك دژی ئەوەم كە تەوافوق بكرێت. دەبێت كۆنگرەیەكی ئازاد بێت. لەبەر ئەوەی تەراكوماتی چەند ساڵی ڕابردوو و تموحێكی زۆری كادرانی خوارەوە هەیە بۆ ئەوەی بەشدار بن لەم كۆنگرەیە و دوای دە ساڵ دواخستنی كۆنگرە، حەقی كادرانیشە كە تموحیان هەبێت و خۆیان بپاڵێون بۆ باڵاترین پۆستی ئەم حزبە، بۆیە من خۆم دژی تەوافوقم، بەڵام لەگەڵ لێكتێگەیشتنم لە ئاستی سەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانین ئێمە هەموو جەمسەرەكان بە ڕۆحێكی یەكێتییانەوە بەرین بۆ ناو كۆنگرە و لەوێ بڕیارێكی درووست لەسەر ئاییندەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بدەین.