بڕیاری دەستگیركردن بۆ ژمارەیەكی بەرپرسی كەركوك دەركرا

20/11/2019 - 14:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

دەستەی دەستپاكی عێراق ڕایدەگەیەنێت: پێویستە ژمارەیەك بەرپرسی كەركووك لەبەردەم دادگا ئامادەبن بەمەبەستی لێپرسینەوەو ڕێكاری یاساییان لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.



دەستەی دەستپاكی عێراق بڵاویكردەوە، بڕیاری دەستگیركردن بۆ یاریدەدەری پارێزگاری كەركووك بۆ كاروباری تەكنیكی و سەرۆكی پێشووی زانكۆی كەركووك و یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كەركوك بۆ كاروباری زانستی و ڕاگری پێشووی كۆلیژی یاسا و سەرۆكی پێشووی بەشی یاسایی لە زانكۆكی كەركووك دەرچووە.



هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: بڕیاری دەستگیركردن بۆ قائیمقاقمی پێشووی قەزای دوبز و 10 ئەمینداری پاڵاوگەی نەوتی كەركووك دەركراوە كە لەماوەی 2015 تاوەكو 2018 ئەو بەرپرسیاریەتییەیان وەرگرتووە.



جێگەی ئاماژەبۆكردنە ماوەی نزیكەی مانگێكە دەستەی دەستپاكی عێراق بڕیاری دەستگیركردنی بۆ ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای عێراق دەركردووە كە بڕیارەكان پەیوەندیدارن بە تۆمەتی گەندەڵی و زیان گەیاندن بە موڵك و ماڵی گشتی و چەندین تۆمەتی دیكە.