به‌پێی ئامارێك ڕێژه‌ی منداڵی بێسه‌رپه‌رشتیار له‌هه‌رێم زیادیكردووه‌

20/11/2019 - 14:52 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ولێر له‌ڕۆژی جیهانی چه‌سپاندنی مافه‌كانی منداڵ چه‌ند ئامارێكی ڕاگه‌یاند كه‌ به‌پێی ئاماره‌كه‌ ڕێژه‌ی منداڵی بێسه‌رپه‌رشتیار زیادیكردووه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ یوسف چاوشین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ولێر  له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماری ئه‌و منداڵانه‌ی ڕاگه‌یاند كه‌ له‌خانه‌ی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانیاندا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن و به‌پێی ئاماره‌كه‌ش ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ ده‌گاته‌ 181 منداڵ.

ناوبراو ئاشكرایكرد : له‌ كۆی ئه‌و منداڵانه‌ 92 منداڵ له‌ شه‌ڵته‌ره‌كان (خانه‌ی داڵده‌دانی ئافره‌تانی هه‌ڕه‌شه‌لێكراو)دا ده‌ژین و زۆربه‌ی كات دایكه‌كانیان ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بنه‌وه‌.

وتیشی:: 72 منداڵ له‌ خانه‌ی كچان ده‌ژین، واته‌ ئه‌و منداڵانه‌ن كه‌ دایك و باوكیان نه‌ماوه‌ یاخود فڕێدراون.

له‌خانه‌ی نه‌وجه‌وانانی كوڕانیش 27 منداڵ ده‌ژین كه‌ سه‌رجه‌میان ته‌مه‌نیان له‌ خوار 18 ساڵه‌وه‌یه‌ و 76 منداڵیش كه‌ سه‌ر به‌و خانه‌یه‌ن، به‌ڵام له‌ناو كه‌سوكاریاندا ده‌ژین، به‌پێی ئاماره‌كه‌، دوو هه‌زار و 351 منداڵی نێر و هه‌زار و 778 منداڵی مێ له‌ تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی مووچه‌ وه‌رده‌گرن.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ولێر توانیویانه‌ ئه‌و منداڵانه‌ له‌زۆربه‌ی كارو چالاكییه‌كاندا به‌شداری پێبكه‌ین و پێداویستییه‌كانی خواردن و جل و به‌رگیان بۆ دابین بكه‌ین و ڕێنمایی جۆراوجۆریشیان پێده‌ده‌ین.