لەسەر هەڵەبجە، نامەیەك ئاڕاستەی سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق دەكرێت

21/11/2019 - 10:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئازاد تۆفیق رحیم پارێزگاری هەڵەبجە نامەیەك ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق دەكات و ڕایدەگەیەنێت: ئێمە لە پارێزگای هەڵەبجە بەناوی سەرجەم دانیشتوانی پارێزگاكە بە توندی رەخنەی خۆمان ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكە دەكەین ، كە بەداخەوە لە ئاست چاوەڕوانی و ساڕێژكردنی نەهامەتیەكانی خەڵكی پارێزگای هەڵەبجەدا نەبوون.

 


دەقی نامەكە:

 

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
بۆ بەڕێزان/ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
بابەت / پارێزگای هەڵەبجە
ئاماژە بە بڕیاری ژمارە 568 ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ لە 31/12/2013 ی تایبەت بە پێكهێنانی پارێزگای هەڵەبجە، كە لە هۆكارەكانی دەرچواندنی بڕیارەكەدا هاتووە ( هەڵەبجە لە ئەنجامی پێشكەشكردنی قوربانی گەورە و رووبەڕووبونەوەی كاولكاری و زیانی ماددی و مرۆیی بە هۆی بۆردومانكردنی بەچەكی كیمیاوی لەلایەن رژێمی پێشوو لە 16/3/1988 و بەهۆی ئەو شوێن و ناوبانگەی، كە لەسەر ئاستی جیهان هەیەتی ) ئەم بڕیارە دەرچووە.
بەڕێزان:
ئێمە لە پارێزگای هەڵەبجە بەناوی سەرجەم دانیشتوانی پارێزگاكە بە توندی رەخنەی خۆمان ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكە دەكەین ، كە بەداخەوە لە ئاست چاوەڕوانی و ساڕێژكردنی نەهامەتیەكانی خەڵكی پارێزگای هەڵەبجەدا نەبوون، لە پڕۆژە یاسای پێشنیاركراو بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان، كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمار بە نوسراوی ژمارە 1/4/3531 لە 7/11/2019 ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، هەروەها سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوی ژمارە 10/1/3/10/38786 لە 13/11/2019 ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە، لە هەردوو پرۆژە یاسا پێشنیاركراوەكەدا پارێزگای هەڵەبجە لەبیركراوە و ژمارەی كورسی هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق بۆ دەستنیشان نەكراوە، هەروەها رۆژی 19/11/2019 كە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی بۆ پڕۆژە یاسەكە كرد و لەو بڕگەیەدا بەهەمان شێوە رەچاوی پارێزگای هەڵەبجە نەكراوە.
لە پارێزگای هەڵەبجەوە داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرجەم فراكسیۆن و پێكهاتەكانەوە دەكەین، كە لەكاتی خوێندنەوەی دووەم، بە ئەركی مێژوویی خۆیان هەستن بەرامبەر بە پارێزگای هەڵەبجە و خوێنی شەهیدان و هەستی كەسوكاری قوربانیان و هاووڵاتیانی پارێزگاكە و لەوبڕگەیەدا بە یەكدەنگی هەڵەبجە وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ بناسێنن و پشكی خۆی بۆ دیاری بكەن. وە داوا لە سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین، بۆ ئەوەی هەڵەی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە، ئەوا ئەو رێكارە ئیداریانەی پێویستە بۆ سەرپێخستنی پارێزگاكە تەواوبكەن بە مەبەستی بەجێهێنانی ئەركی سەرشانیان بەرامبەر پارێزگاكە و ئاسودە كردنی رۆحی شەهیدان و ساڕێژ كردنی كەمێك لە ئازارەكانی كەسوكاری قوربانیان و خەڵكی پارێزگاكە.

ئازاد تۆفیق رحیم
پارێزگاری هەڵەبجە
٢٠/١١/٢٠١٩