زۆرترین زانیاری لەبارەی گۆڕاناریەكانی موچەی خانەنشینان

26/11/2019 - 08:53 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


تەمەنی خانەنشینبوونی فەرمانبەران کەم كرایەوە و مووچەكانیشیان لە ساڵی داهاتوو زیاد دەكرێت . بەرپرسێکی خانەنشینیش، پێیوایە رێكەوتن لەسەر بودجەی 2020 بكرێت ئەو یاسایە هەرێمی كوردسانیش دەگرێتەوە.


د.ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەكانی عێراق بە (باس)ی راگەیاند یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق هەمووار كرایەوە، وتی:" تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵ كەمكرایەوە بۆ 60 ساڵ، تەنها هەندێك مامۆستای زانكۆو پزیشك و خەڵكی تر نەبێت كە بەدەر كراون هەر بە 63 ساڵی خانەنشین دەبن، كەمترین مووچەی خانەنشینیش 500 هەزار دینار دەبێت".


روونی كردەوە لە ساڵی 2020 كار بەو یاسایە دەكرێت، بەم هۆیەشەوە 202 هەزار كەس لە ساڵی داهاتوو دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ زیاد دەبێت، گوتیشی:" ئەو یاسایە بۆ هەموو عێراقە و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە پاشان لە كوردستانیش جێبەجێ دەكرێت".


جەختی كردەوە ئەو یاسایە هەم دادپەروەری تێدایە بۆ كەمكردنەوەی جیاوازی مووچە، هەمیش دەرفەتی دامەزراندنی تازە بۆ گەنجان زیاد دەكا.


ئاشكراشی كردن هەر فەرمانبەرێك 45 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێت داوای خانەنشینی بكا.


لە ساڵی 2014وە یاسای یەكگرتووی خانەشینی ژمارە 9 لە عێراق دەرچووە بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان نەیتوانی جێبەجێی بكات.


حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، هەموواری یاسای خانەنشینی یەكگرتوو شتی باشی تێدایە، وتی:" زۆر ماددەی باشی تێدایە لەوانە كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی و زیادكردنی مووچەكەی ، ئێمە لە هەرێمی كوردستان پشتیوانی لێ دەکەین".


روونی كردەوە لابردنی مەرجەی تەمەنی لە 50 ساڵی بۆ 45 ساڵ شتێكی زۆر باشە.


سەبارەت بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای خانەنشینی عێراق لە هەرێمی کوردستاتن حازم وتی:" ئەگەر هەولێر و بەغدا رێکەوتن لة سەر بودجەی 2020، بكەن ئەوە یاسای یەگرتووی خانەنشینی عێراق هەرێمی کوردستانيش دەگرێتەوە".


ئێستا ساڵانە نزیکی 5 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان خانەنشین دەبن. بە وتەی بەرێوەبەری گشتی خانەنشینان،"ئەگەر یاساكە جێبەجێ بكرێت لە بڕی ئەوەی 5 هەزار کەس خانەنشین نزیکی 20 هەزار کەس خانەنشین دەکرێن، ئەوەش دەرفەتی پلەی تازەی وەزیفی و دامەزراندن زیاد دەكات".