"حکومەتی عێراق لەساڵی داهاتوودا هەموو پشکی هەرێم لە بودجە دەنێرێت"

27/11/2019 - 09:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بڕیارە حکومەتی عێراق مانگانە یەک ترلیۆن دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان هەرێم و بەغدا کراوە.


ئەحمەد سەفار بڕیاریدەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندوە، "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ڕۆژانه‌250هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غدا ده‌كات، حكوومه‌تی عێراقیش پشكی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوی ڕه‌وانه‌ ده‌كات و وه‌كو ئه‌مساڵ نابێت كه‌ ته‌نیا به‌شێكی ڕه‌وانه‌ ده‌كرد".

دەڵێت، ساڵی داهاتوو جیاواز ده‌بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌وت ڕاده‌ست ده‌كات، ئه‌وانیش پشكی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوی ڕه‌وانه‌ ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ بودجه‌ی سیادی و حاكیمه‌ و له‌و قه‌رزانه‌ش کە حکومەتی فیدراڵی وه‌ریده‌گرێت، پشكی هه‌رێمی لێ ده‌دات.

وتویەتی، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌ ساڵی داهاتوو حكوومه‌تی عێراق مانگانه‌ نزیكه‌ی ترلیۆنێك دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه‌ بكات، ئه‌مه‌ش به‌پێی ئه‌و بودجه‌یەی كه عێراق بۆ ساڵی داهاتوو هه‌یه‌تی.لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دوو جار شاندی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کرد و ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە پاش کۆبونەوەیەکی درێژ لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا ڕێککەوتنی سەرەتاییان لەنێوان هەردولا لەسەر پرسی نەوت و بەشە بودجەی هەرێم ڕاگەیاند.